ئینگلتەراراپۆرتی تایبەتگرنگترین

هەموو شتێک بزانە؛ بۆچی لیڤەرپوول ئارنە سڵۆت دەکاتە شوێنگرەوەی کڵۆپ؟

سڵۆت زۆر بە گواردیۆلا سەرسامە، بەڵام حەزی بە شێوازی یاریکردنی کڵۆپ و ئارتێتایە

یاریگا –

  • ئارنێ سڵۆت کێیە؟
  • چۆن و لەگەڵ کێ دەستی بە راهێنەرایەتی کردووە؟
  • بۆچی بە پێپ گواردیۆلا سەرسامە؟
  • شێوازی یاریکردنی لەگەڵ لیڤەرپوول دەگونجێت؟

لە وەرزی 2020-2021 وەرزێک بەر لەوەی ئارنە سڵۆت ببێتە راهێنەری فاینۆرد، یانەکە بە جیاوازی 29 خاڵ لە دوای ئەیاکسی پاڵەوانەوە دەهات.

دوو ساڵ دوای دەستبەکاربوونی سڵۆت، یانەکەی رۆتێردام بووە پاڵەوان و بە درێژایی وەرز پێشەنگایەتی خولەکەی کرد. وەرزێکی ناوازە و پێوانەشکێن بوو، بۆیە ئێستا سڵۆت لە رادارەکانی لیڤەرپوولدایە.

لە دوای ئەنجامە باشەکانی، کریستال پاڵاس و لیدز یونایتد پەیوەندییان بە نوێنەرانی سڵۆتەوە کرد، بەڵام گفتوگۆکان لەناکاو وەستان.

تۆتنهام بەر لەوەی ئەینج پۆستێکۆگلو بکاتە راهێنەر، زۆر بیری لە سڵۆت کردەوە و هەوڵی گواستنەوەیدا، بەڵام سڵۆت بڕیاری مانەوەی لە فاینۆرد دا.

ساڵێک دوای زیادبوونی ناوی سڵۆت لە بازاڕەکاندا، فاینۆرد نەیتوانی پارێزگاری لە نازناوەکەی بکات، چونکە ئایندهۆڤن هەمووانی سەرسام کردووە و تەنیا یەک یاری دۆڕاندووە، هەرچەندە تیمەکەی سڵۆتیش تەنیا دووجار دۆڕاوە و دوا دۆڕانی بۆ 3ی دیسێمبەر/کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو دەگەڕێتەوە.

لە دوا 24 کاتژمێردا، ناوی سڵۆت بە توندی کەوتووەتە بازاڕی لیڤەرپوول و باس لە شوێنگرتنەوەی یۆرگن کڵۆپ دەکرێت.

ئارنێ سڵۆت، سەردەمی یاریزانی لەگەڵ یانەی ناک برێدا

باشە ئێمە چی دەربارەی سڵۆت دەزانین؟

وەک یاریزانێک، سڵۆت ناوەڕاستکارێکی ناوازە بوو، بەشی زۆری کاروانی وەرزشی لە خولی پلە دووی هۆڵەندا بەسەربردووە و زۆربەی کات وەک ناوەڕاستکاری ژمارە 10 دەردەکەوت. تۆڕی ئاتلێتیک قسەی لەگەڵ ئیدوین دی گراف کردووە، پێشتر بەیەکەوە یارییان کردووە.

دی گراف و سڵۆت بەیەکەوە یاریزانی ناک برێدا بوون، دی گراف دەڵێت سڵۆت یاریزانێکی هێواش بوو، زۆر بە تەکتیک یاری دەکرد و ئەمەش خاڵی جیاوازی بوو لەگەڵ یاریزانانی دیکەی یانەکە.

هاوڕێیانی سڵۆت بەردەوام ئارنێیان وەک راهێنەر دەبینی، چونکە بەر لە وادەی ئاسایی، وازی لە یاریکردن هێنا و بووە ئەندام لە ستافی راهێنەرایەتی زڤۆلە.

سڵۆت لە ساڵی 2013 وازی لە یاریکردن هێنا، لەگەڵ زڤۆلە بووە راهێنەری ئەکادیمیای یانەکە.

دواتر سێ ساڵ بووە راهێنەری یانەی کامبوور، ئەوکاتە یانەیەکی نوێی خولی ئێردیڤیسێ (خولی نایابی هۆڵەندا) بوو، پاشان لە ئەی زێد ئەلکمار، بووە یاریدەدەری جۆن ڤان دێن بڕۆم، ئەوکاتە تەمەنی تەنیا 39 ساڵ بوو.

گەیشتنی بە ئەلکمار، دەرگایەکی گەورەی بۆ سڵۆت کردەوە، چونکە توانی پەیوەندی زۆر باش لەگەڵ راهێنەرانی دیکە گرێبدات و باشتر لە شێوازی یاریکردنیان تێبگات.

سڵۆت پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ پێپ لیندێرس، یاریدەدەری ئێستای کڵۆپ هەیە، چونکە بەیەکەوە دەیتا بەیزێکی گەورەی یاریزانانیان دروستکرد، دەیتا بەیزەکە پەیوەستبوو بە شیکردنەوەی ئاستی یاریزانان.

ئارنێ سڵۆت لەسەر شانی یاریزانانی زڤۆلە

زۆر راهێنەر هەن، خاوەن بیرۆکەی زۆر جوانن، بەڵام کێشەیان لە گەیاندنی بیرۆکەکان بە یاریزانان هەیە، سڵۆت بڕوایەکی تەواوی بە هاوکێشەیەک هەیە، ئەویش بریتییە لەوەی، 60%ی بیرۆکەکە دەبێ روون بکرێتەوە، بەڵام 40%ی پەیوەستە بە چۆنیەتی شڕۆڤەکردنی بۆ یاریزانان و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵییان. بۆیە فاینۆرد گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە، چونکە سڵۆت شێوازێکی نوێی پەیڕەوکردووە و دەزانێت چۆن لەگەڵ یاریزانان گفتوگۆ بکات.

بیرۆکەکانی سڵۆت چین؟

شێوازی پلانەکانی هونەری سڵۆت زۆر روونن؛ زۆر هێرشبەرین، زۆر توندن و زۆر پەیوەستە بە دروستکردنی فشار، ئەمە قسەی مارتن کرابێندام، رۆژنامەنووسی دیاری رۆژنامەی ڤۆیتباڵ ئینتەرناشناڵ – Voetbal International-ە. مارتن دەڵێت؛ زۆر بە پێپ گواردیۆلا سەرسامە.

سڵۆت زۆر پشت بە شێوازی هێرشبەری و دروستکردنی فشار دەبەستێت. بەڵام پێویستی بە یاریزانی گونجاو هەیە. دەیەوێت بەردەوام هێرش بکات، دەیەوێت کۆنتڕۆلی تۆپ لای یاریزانانی ئەو بێت. پلانەکانی لە گۆڵپارێزەوە دەستپێدەکەن و ئەرکی یاریزانانی دیکەش دروستکردنی رووبەری فراوانە.

بەگوێرەی قسەی کەسە نزیکەکان لە سڵۆت، راهێنەرە هۆڵەندییەکە زۆر سەیری یارییەکانی مانچێستەر سیتی و بایرن میونشن دەکات و زۆر بە پێپ گواردیۆلا سەرسامە، بۆیە نزیک لە شێوازی پێپ یاری دەکات.

راستە سڵۆت بە گواردیۆلا سەرسامە، بەڵام ئیلهام لە کەسایەتی راهێنەرانی دیکەی وەک مارسێلۆ بێڵسا، خۆرخێ سامپاولی، یۆرگن کڵۆپ، لوسیانۆ سپالێتی و میکێل ئارتێتا وەردەگرێت. سوود لە هەموو بیرۆکەیەک وەردەگرێت و بە شێوازی خۆی جێبەجێی دەکات.

دی گراف، (هاوتیم و هاوڕێی سڵۆت) بەر لەوەی ببێتە راهێنەری یانەی برێدا، بۆ ماوەی هەفتەیەک لە فاینۆرد و لەگەڵ سڵۆت خۆی فێری شێوازی کارەکان دەکرد

سڵۆت وزەیەکی زۆری هەیە، هەموو شتێک بە وردەکارییەوە وەردەگرێت و داوای زیاتر لە یاریزانانی دەکات. تەواوی یاریزانەکان دەزانن، سڵۆت چی لە ئەوان دەوێت، ئەویش زۆر حەز بە روونی دەکات و شتەکان دەخاتە بەردەم یاریزانان. کەسێکی زۆر راستگۆیە، بۆیە یاریزانان ئەویان خۆشدەوێت.

سڵۆت بڕوای وایە؛ دەبێ یاریزانانی بەردەوام توند بن، بەڵام ئەم شێوازە پێویستی بە ستافێکی باشی جەستەیی هەیە. چونکە داواکارییەکانی سڵۆت زۆرن و یاریزانان ناتوانن بە درێژایی وەرز تەواوی ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.

سڵۆت حەز دەکات کار لەگەڵ یاریزانانی لاودا بکات، بۆ نموونە؛ کاتێک تیرێل مالاسیا لە ساڵی 2022 فاینۆردی جێهێشت و چووە مانچێستەر یونایتد، گرێبەستی لەگەڵ هیچ بەرگریکارێکی دیکەدا واژۆ نەکرد، بەڵکو کویلیندشی هارتمان، کە تەمەنی 20 ساڵ بوو و بەرهەمی ئەکادیمیای فاینۆردە، سەریخستە تیمی یەکەم. کاتێک سڵۆت پێویستی بە یاریزانێکی هێڵی ناوەڕاست بوو، گرێبەستی لەگەڵ ماتس ڤیفێری تەمەن 22 ساڵان واژۆ کرد، کە یاریزانی ئێکسێلسیۆر رۆتێردامی بەشدار لە خولی پلە یەکەکانی هۆڵەندا بوو. کەچی دواتر هەردوو یاریزانەکە بانگهێشتی هەڵبژاردەی هۆڵەندا کران و توانی بەو یاریزانانە ببێتە پاڵەوانی خولی نایابی هۆڵەندی.

یاریزانان زۆر بە سڵۆت سەرسامن

ئوسامە ئیدریسی، یەکێک بوو لە یاریزانە سەرەکییەکانی پێکهاتەی سڵۆت لە یانەکانی ئەلکمار و فاینۆرد، پێشتر بەمشێوەیە لەبارەی سڵۆت قسەی بۆ رۆژنامەی AD کردووە

بەلای منەوە، سڵۆت باشترینە، دەتوانێت پەرە بە یاریزانانی بدات و وایان لێبکات، چێژ لە یاریکردن وەربگرن. یاریم لە ژێر سەرپەرشتی جولێن لۆپیتگێ، هێرڤێ رێنارد و ئێریک تێن هاخ کردووە، بەڵام سڵۆت باشترینیانە.

یاریزانان بۆیە سڵۆتیان خۆشدەوێت، چونکە لەژێر سەرپەرشتی ئەودا سەردەکەون و گەشە دەکەن، ئەمەش خاڵێکی بەهێزە بۆ لیڤەرپوول، چونکە رێدز بەردەوام پشت بە یاریزانانی لاو دەبەستێت و ئەکادیمیاکەی کانگای بەرهەمهێنانی یاریزانانە لە ئینگلتەرا.

راهێنەرە هۆڵەندییەکە زۆر پشت بە شیکردنەوەی ڤیدیۆیی دوای یارییەکان دەبەستێت. خاڵی سەرەکی سڵۆت بریتییە لە شیکردنەوەی ڤیدیۆکان و رێگەدان بە یاریزانان تاوەکو قسەی خۆیان بکەن، سڵۆت هەموو هەوڵێک دەدات، بە ئەرێنی باسی رووداوەکان بکات، بەڵام هەڵەکان بە زەقی پیشان دەدات.

کاریگەرییەکانی پەتای کۆرۆنا

لە یەکەم وەرزی سڵۆت وەک راهێنەری ئەلکمار، تیمەکەی لە فاینۆرد (3-0) و ئایندهۆڤن (4-0) بردەوە و پاشان 2-0 لە ئەیاکسی بردەوە و تەنیا خاڵێک لە پێشەنگایەتی دووربوون و 9 یاری بۆ کۆتایی خولەکە مابوو.

بەڵام هەفتەیەک دوای ئەم رووداوانە، خولی هۆڵەندی بەهۆی پەتای کۆرۆنا هەڵپەسێردرا و لە مانگی ئەپریل/نیسانی 2020 خولی هۆڵەندی بۆ وەرزی 2019-2020 هەڵوەشێندرایەوە و ئەلکماری لە نووسینەوەی مێژوو دوورخستەوە.

لە کۆتاییەکانی وەرزی 2021-2022 باس لە دوورخستنەوەی دیک ئادڤۆکات، لە پۆستی راهێنەرایەتی فاینۆرد کرا، ئەوکاتە سڵۆت راهێنەری ئەلکمار بوو، پەیوەندی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ فاینۆرد بەستبوو، ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی دەستەی کارگێڕی ئەلکمار و سڵۆتییان دوورخستەوە.

وەرز کۆتایی نەهاتبوو، بەڵام سڵۆت ئامادەکاری بۆ قۆناخێکی نوێی کاروانی راهێنەرایەتی کرد و خۆی بە یاری گۆڵفەوە سەرقاڵ کرد.

لەگەڵ دەستبەکاربوونی سڵۆت، ڤێرژنێکی نوێی فاینۆرد پێشکەشی هۆڵەندییەکان کرا، گۆڵی زیاتر، کۆنتڕۆڵی باشتر و دۆڕانی کەمتر. جیا لەمەش گەیشتنە یاری کۆتایی کۆنفرانس لیگ، ئەوکاتە بە رۆما دۆڕان. بەڵام سڵۆت خەڵاتی باشترین راهێنەری خولی نایابی هۆڵەندی بردەوە.

سڵۆت لەگەڵ خیمینێز لە فاینۆرد

لە هاوینی دوای یەکەم وەرزی سڵۆت لەگەڵ فاینۆردا. لویس سینیستێرا، بە لیدز یونایتد فرۆشرا، مالاسیا پەیوەندی بە یونایتدەوە کرد، مارکۆس سێنسی چووە بۆرنمس، گرێبەستی خواستنی نێڵسن تەواو بوو و گەڕایەوە ئارسیناڵ. فرێدریک ئۆرسنێس پەیوەندی بە نێفیکاوە کرد. گوس تیڵ، چووە ئایندهۆڤن، ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی کردە سەر پێکهاتەی سڵۆت.

هەرچەندە یاریزانی یەکلاییکەرەوە ریزەکانی فاینۆردییان جێهێشت، بەڵام سانتیاگۆ خیمینێز بووە گۆڵکاری خولی هۆڵەندی، دەیڤد هانچکۆ لە سپارتا پراگەوە گواسترایەوە، هەروەها ئیدریسی لە ئەلکمار پەیوەندی بە فاینۆرد کرد، هارتمان و ڤیفەر توانیان ببنە کۆڵەکەی سەرەکی پێکهاتەکەی سڵۆت. بەمشێوەیەش بوونە پاڵەوانی خولەکە.

سڵۆت ئەزموونی چامپیۆنزلیگیش وەرگرت، ئێستا رکابەری لەگەڵ ئایندهۆڤن دەکات و رەنگە لە کۆتایی وەرزەدا، ژمارەی خاڵەکانی لە وەرزی رابردوو زیاتر لێبێت، ئەمەش گەشەکردنی بەردەوامی یانە هۆڵەندییەکە پیشان دەدات.

داواکارییەکانی لیڤەرپوول زۆر رونن، راهێنەرێکی لاو، بیرکردنەوەی هێرشبەری و کۆنتڕۆڵی تۆپی دەوێت. سڵۆت یەکێکە لە گونجاوترینەکان.

بابەتی زیاتر

Back to top button