یاریگا –
ستافێکی کەناڵی ئەلکاسی قەتەڕی لە زاخۆن بۆ ئەوەی دۆکیۆمێنتارییەک لەبارەی تەڵال بلوشی و زاخۆ و هاندەرانی یانەکە بەرهەم بهێنن.
دوێنێ دووشەممە 1ـی نیسان/ئەپرێلی 2024 شاندێکی کەناڵی ئەلکاسی قەتەڕی گەیشتە زاخۆ، بۆ ئەوەی دۆکیۆمێنتارییەک لەبارەی تەلال بلوشی راهێنەری قەتەڕی یانەی زاخۆ و هاندەرانی یانەکە و میواندۆستی زاخۆییەکان بەرهەم بهێنێت.
کەناڵی ئەلکاسی قەتەڕی شاندێکی تایبەتی ناردووە بۆ ئەوەی دۆکیۆمێنتارییەک لەبارەی دەستکەوتەکانی راهێنەرە قەتەڕییەکەی یانەی زاخۆ بەرهەم بهێنێت، لەو دۆکیۆمێنتارییەدا باسی میواندۆستی زاخۆییەکان دەکرێت و باسی کلتور و فەرهەنگی بەیەکەوەژیانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، یاریی دێربی بادینان لە نێوان زاخۆ و دهۆک لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بەشێکی دیکەی دۆکیۆمێنتارییەکە دەبێت، کە وابڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو لە یاریگای زاخۆ بەڕێوە بچێت.
تەلال بلوشی یەکەم وەرزە راهێنەرایەتی یانەی زاخۆ دەکات، لەگەڵ یانەکە لە پلەی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت، هەمیشە ئەو راهێنەرە قەتەڕییە لە سناپەکەی باسی میواندۆستی زاخۆییەکان دەکات و ئەمەش سەرنجی قەتەڕییەکانی راکێشاوە.
عەمار فەرهاد، سەرۆکی یانەی زاخۆ لە لێدوانێکیدا بە میدیای فەرمی یانەکەی راگەیاندووە :’قەتەڕییەکان هاتوون بۆ ئەوەی لە نزیکەوە شێوازی بەڕێوەبردنی یانەی زاخۆ و ئەنجامەکانی تەلال بلوشی پیشان بدەن، زیاتر تیشک دەخەنە سەر خەڵکی زاخۆ’.