یاریگا –
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مانچێستەر سیتی و یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری لیڤەرپوول خاوەن بەرزترین مووچەی راهێنەرانی پرێمەرلیگن.
گواردیۆلا یەکێکە لە دیارترین راهێنەرانی جیهان و لە چەند ساڵی رابردوودا، تەواوی نازناوەکانی لەگەڵ مان سیتی بەدەستهێنا.
مانچێستەر سیتی پێنج پرێمەرلیگ، دوو جامی FA و چوار جامی کاراباو و نازناوێکی چامپیۆنزلیگ و مۆندیالی یانەکانی لەگەڵ گواردیۆلا بردووەتەوە.
رۆژنامەی لیکیپ بڵاویکردووەتەوە، مووچەی مانگانەی گواردیۆلا بریتییە لە 1.66 ملیۆن پاوەند، چێند سەد هەزارێک لە کڵۆپ زیاتر وەردەگرێت و مووچەی راهێنەرە ئەڵمانییەکە 1.25 ملیۆن پاوەندە.
ماوریسیۆ پۆچێتینۆ، راهێنەری چێڵسی خاوەن سێیەم بەرزترین مووچەی پرێمەرلیگ و مانگانە 870 هەزار پاوەند وەردەگرێت.
بەڵام دوور لە پرێمەرلیگ، دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید نزیکەی دوو ئەوەندەی گواردیۆلا وەردەگرێت و مووچەی مانگانەی دەگاتە 2.42 ملیۆن پاوەند.
سیمیۆنی تەمەن 53 ساڵان، لە ساڵی 2011یەوە راهێنەری ئاتلێتیکۆیە و یەکێکە لە خاوەن بەرزترین مووچەکانی ئەوروپا.
ئاتلێتی دوو نازناوی یۆرۆپالیگی لەگەڵ سیمیۆنی بردووەتەوە، بەڵام دوو یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگی دۆڕاندووە.
کارلۆ ئانچێلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید خاوەن دووەم بەرزترین مووچێی لالیگایە و مانگانە 780 هەزار پاوەند وەردەگرێت و چاڤی هێرناندێز سێیەمینە بە 274 هەزار پاوەندی مانگانە.
لە بۆندسلیگا، تۆماس توخێل، راهێنەری بایرن میونشن خاوەن بەرزترین مووچەیە و مانگانە 860 هەزار پاوەند وەردەگرێت. چاڤی ئاڵۆنسۆ، راهێنەری بایەر لیڤەرکوزن، کە یەکێکە لە پڕداواکراوترین راهێنەرانی ئێستای ئەوروپا، لە پلەی دووەمدا دێت و مووچەی مانگانەی 425 هەزار پاوەندە.
مارکۆ رۆس، راهێنەری لایپزیگ لە پلەی سێیەمی خاوەن بەرزترین مووچەی مانگانەدا دێت و 321 هەزار پاوەندی هەیە.
لەسەر ئاستی سێریا ئەی، ماسیمیلیانۆ ئالێگری، راهێنەری یوڤێنتوس 920 هەزار پاوەند وەدەگرێت و سیمیۆنی ئینزاگی، راهێنەری ئینتەر میلان 711 هەزار پاوەند وەردەگرێت و ستێفانۆ پیۆلی، راهێنەری میلان 531 هەزار پاوەندی هەیە.