سوپەرلیگ مرد؛ دەبێت فلۆرێنتینۆ پێرێز ناوی پڕۆژەکەی بگۆڕێت
یاریگا –
سوپەرلیگ هێشتا لەدایک نەبووە لە رووی ناوی خولەکەوە تووشی کێشە بوو، دەبێت ناوی خولەکە بگۆڕدرێت.
رۆژنامەی دەیلی تەلەگرافی بەریتانی ئاشکرایکردووە، یەکێتیی ئەوروپا لە بەرژەوەندی خولی نایابی دانیمارک بڕیاریداوە و نابێت سوپەرلیگ بەو ناوە هیچ چالاکییەک بکات کە پێشتر راگەیاندرابوو، چونکە ساڵانێکی زۆرە لە دانیمارک ئەم ناوە بۆ خولی وڵاتەکە بەکار دەهێنرێت.
سوپەرلیگی دانیمارکی کە بە بەشداریی 12 یانە بەڕێوە دەچێت، سکاڵای لەسەر پڕۆژەی سوپەرلیگ کردبوو ئەو بە بەکارهێنانی ناوی خولی وڵاتەکەی تۆمەتباری کردبوون، یەکێتیی ئەوروپا لە بەرژەوەندی دانیمارک بڕیاریدا.
کلاوس تۆمسن، سەرۆکی جێبەجێکاری سوپەرلیگی دانیمارکی لە لێدوانێکیدا رایگەیاندووە :’ئێمە دڵخۆشین یەکێتیی ئەوروپا لە بەرژەوەندیی ئێمە بڕیاریدا، لەمەودوا نابێت پڕۆژەی سوپەرلیگ ئەم ناوە بەکار بهێنن، چونکە پێشتر ئێمە ئەم ناوەمان بۆ خولی وڵاتەکەمان تۆمارکردووە’.
سوپەرلیگ ساڵی 2021 لەلایەن چەند یانەیەکی گەورەی ئەوروپی بە سەرکردایەتی فلۆرێنتینۆ پێرێز راگەیاندرا و دواتر سەرجەم یانەکان کشانەوە تەنیا بارسێلۆنا و ریال مەدرید وەکو خاوەنداریی ئەو خولە ماون.