
یاریگا –
لە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا کە تاوەکوو چەند مانگێک لەمەوبەر وەک ئەستەم دەبینرا، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید، لەنێو یاریگای بێرنابیۆ میوانداریی ئالێکساندەر جێفرین، سەرۆکی یوێفا و ناسڕ خلێفی، سەرۆکی پاریس سان جێرمانی کرد.
ئەم کۆبوونەوەیە کە رادیۆی کۆپێ ئاشکرای کردووە، مۆری کۆتایی بوو لەسەر پرۆژەی سوپەرلیگ. دوای ئەوەی لە 11ـی شووباتی رابردوو ریال مەدرید و یوێفا گەیشتنە رێککەوتنی نهێنی، ئێستا پەیوەندییەکان گەیشتوونەتە لووتکەی دۆستایەتی. ئەمە بەو مانایەیە کە پێرێز چیتر شەڕی جێفرین ناکات و گەڕاوەتەوە ناو ماڵە گەورەکەی ئەوروپا.
🚨 JUST IN: Florentino Pérez, Nasser Al-Khelaïfi and Čeferin had a meal together at the Bernabéu today. @COPE pic.twitter.com/nYtZKZe4lq
— Madrid Xtra (@MadridXtra) April 23, 2026
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە تەوەرەکانی گفتوگۆکە بریتیبوون لە؛
داهاتووی پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان؛ چۆنیەتی پەرەپێدانی چامپیۆنزلیگ و سیستەمە نوێیەکە.
کێشە ناوبژیوانییەکان؛ بەتایبەت بڕیاری دەرکردنی ئیدواردۆ کاماڤینگا لە یاریی بایرن میونشن، کە مەدریدییەکان بە بڕیارێکی نادادپەروەرانە و هۆکاری سەرەکی ماڵئاواییکردنیان دەبینن.
- هەماهەنگی لەگەڵ فیدراسیۆنی ئیسپانیا؛ چێفرین لەگەڵ رافایل لۆزان، سەرۆکی فیدراسیۆنی ئیسپانیش کۆبووەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان.
ئەم کۆبوونەوەیە وەکوو وەرچەرخانێکی مێژوویی دەبینرێت، کە ئاماژەیە بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ لە هاوکاری لە نێوان دەسەڵاتی باڵای تۆپی پێی ئەوروپا و بەهێزترین یانەکانی کیشوەرەکە دوای ساڵانێک لە دابڕان و ململانێ.



