ئێمباپێ داوایەکی لە ریال مەدرید هەیە
یاریگا –
ئێمباپێ داوای لە ریال مەدرید کردووە گرێبەست لەگەڵ برایەکەی واژۆ بکەن، یانە ئیسپانییەکەش رەزامەندیی سەرەتایی دەربڕیوە.
ئێدواردۆ ئیندا رۆژنامەنووسی ئیسپانی لە بەرنامەی ئێلچێرێنجیتۆی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، کیلیان ئێمباپێ و ماڵباتەکەی داوایان لە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی کردووە، گرێبەست لەگەڵ ئیتان برای کیلیان واژۆ بکەن، کە ئەویش یاریزانی پاریس سانجێرمانە و هاوینی داهاتوو هاوشێوەی کیلیانی برای گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی پاریس کۆتایی دێت.
ریال مەدرید رەزامەندیی سەرەتایی دەربڕیوە و ئامادەیە برایە بچووکەکەی ئێمباپێ بگوازێتەوە ریزەکانی، یانە مەدریدییەکە پێویستی بەوە نییە لەگەڵ پاریس سانجێرمان گفتوگۆ بکات، لەبەر ئەوەی هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی کۆتایی دێت، دەتوانێت راستەوخۆ لەگەڵ ئیتان بگاتە رێککەوتن.
دوای ئەوەی کیلیان چووە ریزەکانی یانەی پاریس سانجێرمان، ئەوکات برایە بچووکەکەی لەگەڵ خۆی بردە یانەکەی پایتەختی فەرەنسا و لەوەتەی ساڵی 2017 ئیتان لە ئاستە جیاوازەکانی پاریس سانجێرمان یاریی دەکات، هاوینی رابردووش ئەو یاریزانە لاوە یەکەم گرێبەستی پیشەگەرەکانەی لەگەڵ یانە فەرەنسییەکە کرد.
ئیتان (17 ساڵان) لەم وەرزە تەنیا یارییەکی بە درێسی پاریس بەرامبەر میتز کردووە و حەفت یاریش لەسەر کورسی یەدەکی یانەکەی دانیشتووە.