ئەگوێرۆ دەنگۆی گەڕانەوەی بۆ تۆپی پێ رەت دەکاتەوە
یاریگا –
سێرجیۆ ئەگوێرۆ، ئەستێرەی ئەرجەنتینی مانچێستەر سیتی و بارسێلۆنا، دەنگۆ و هەواڵەکانی سەبارەت بە گەڕانەوەی بۆ تۆپی پێ رەتکردەوە.
لە دوای ماڵئاوایی کردنی لە تۆپی پێ، ئەگوێرۆ لە پلاتفۆڕمی تویچ بۆ ڤیدیۆ گەیم چالاک بووە و زۆرجار یاری تۆپی پێ دەکات بەڵام بە شێوەیەکی پیشەگەرانە نا. لە سەرەتای نوێترین چاتی راستەوخۆی لە پلاتفۆڕمی تویچ، ئەگوێرۆ پەیوەندی بە پزیشکی دڵی خۆیەوە کرد بە شێوەیەکی راستەوخۆ و ئەویش تەندروستی ئەستێرەی پێشووی ئەرجەنتین پشتڕاستکردەوە.
ئەمەش هۆکاری دەنگۆی گەڕانەوەی ئەگوێرۆی بۆ تۆپی پێ بوو و تەنانەت بانگەشەی ئەوە دەکرا کە دەگەڕێتەوە بۆ یانەی ئیندیپێندێنتی کە لە منداڵی لەو یانەیەوە دەستی پێکردبوو.
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیانە، ئەگوێرۆ شەوی رابردوو لە تویچ دا گوتی:
دەزانم کە ئێوەش زۆرێک لەو هەواڵ و دەنگۆیانەتان سەبارەت بە گەڕانەوەم بیستووە، دەبێت بڵێم هەموویان درۆن. ناگەڕێمەوە بۆ ئیندیپێندێنت چونکە لە بنەڕەتدا هەرگیز دەست بە یاری کردن ناکەمەوە. ئەو رۆژە لەگەڵ پزیشکی دڵم قسەم کرد و ئەویش تەندروستی منی پشتڕاستکردەوە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە بگەڕێمەوە بۆ تۆپی پێی پیشەگەرانە. لە تۆپی پێدا پێویستت بە ئامادەکارییەکی گەورەیە و دەبێت زۆر شتی تر بکەیت کە من ئیتر ناتوانم ئەنجامی بدەم.
سێرجیۆ ئەگوێرۆ، ئەفسانەی یانەی مانچێستەر سیتی و باشترین گۆڵکاری مێژووی ئەم یانەیە، لە مانگی کانوونی دووەمی 2021 بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە سەرەتای ژیانی وەرزشیدا لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا ناچار بوو زوو واز لە یاری کردن بهێنێت.