بەهۆی بەکارهێنانی سیستەمی ڤار؛ 96%ـی بڕیارەکانی ناوبژیوانان لە پرێمەرلیگ دروستن
یاریگا –
لە پرێمەرلیگ دوای بەکارهێنانی سیستەمی ڤار هەڵەی ناوبژیوانان کەم بوونەتەوە و لەوەتەی ڤار لە یارییەکانی خولەکە جێبەجێ دەکرێن %96ـی بڕیارەکانی ناوبژیوانان دروستن.
کەناڵی سکای سپۆرتی بەریتانی ئاشکرایکردووە، لەم وەرزەی پرێمەرلیگ تاوەکو ئێستا سیستەمی ڤار 20 هەڵەی کردووە، بەڵام بەراورد بە پێش جێبەجێکردنی سیستەمی ڤار %14 هەڵەکانی ناوبژیوانان کەمبووەتەوە، پێش ئەوەی سیستەمی ڤار لە خولەکە جێبەجێ بکرێت %82ـی بڕیارەکانی ناوبژیوانان دروست بوون، کەچی ئێستا %96بڕیارەکانی ناوبژیوانان دروستن.
لەم وەرزەی پرێمەرلیگ 57 بڕیاری ڤار لە خولەکە راست و دروستبوون، بەڵام لە هەموو یانەیەک زیاتر زیانی بە یانەی لیڤەرپوول گەیاندوە، لەم وەرزە تاوەکو ئێستا چوار جار ڤار زوڵمی لە رێدز کردووە، دیارترینیان رەتکردنەوەی گۆڵەکەی لویس دیاز بوو لە یاریی بەرامبەر تۆتێنهام هۆتسپێرس.
لە پرێمەرلیگ سیستەمی ڤار چەند گۆڕانکارییەکی بەسەر دێت
هەوڵەکانی لێژنەی ناوبژیوانان لە پرێمەرلیگ لەپێناوی هێنانە کایەی دادپەروەری بەردەوامە، بەمزووانە کۆمەڵەی پرێمەرلیگ بڕیار دەدات بڵندگۆ لەناو یاریگاکانی پرێمەرلیگ دابنرێت بۆ ئەوەی هاندەران گوێیان لە گفتوگۆی نێوان ناوبژیوانی یارییەکە و ناوبژیوانی ژووری ڤار بێت و ئاگاداریی وردەکارییەکانی گفتوگۆی ناو ژووری ڤار بن.
کۆمەڵەی پرێمەرلیگ دەیەوێت چەند گۆڕانکارییەک لە سیستەمی ڤار بکات، جگە لەوەی هاندەران لەناو یاریگا گوێیان لە گفتوگۆی ژووری ڤار بێت، ماوەی چێککردنەوەی بڕیارەکانی لەلایەن ڤارەوە کەم بکرێتەوە بۆ ئەوەی رێژەی وەستانی یارییەکان کەم بێتەوە.
یەکێکی دیکە لە پێشنیازەکان بۆ باشتر جێبەجێکردنی ڤار یەکلاکردنەوەی بڕیارەکانی تایبەت بە ئۆفسایدە بە تەکنەلۆژیا، هاوشێوەی تەکنەلۆژیای هێلی گۆڵ، بڕیاری ئۆفسایدیش لەناو یاریگا یەکلا بکرێتەوە.
پێشتر هەر لە پرێمەرلیگ پێشنیاز کراوە ناوبژیوانان لە یارییەکان رێگایان پێبدرێت روونکردنەوە لەبارەی بڕیارەکانی سیستەمی ڤار بدەن، بۆ ئەوەی هاندەران و یاریزانەکان زیاتر متمانەیان بە ڤار هەبێت و بڕیارەکانیش روونتر بن.