فرۆشتنی دەستەسڕەکەی مێسی بارسێلۆنا تووڕە دەکات
یاریگا –
فرۆشتنی ئەو کلێنسەی 24 ساڵ لەمەوبەر یەکەم گرێبەستی مێسی لەسەر واژۆکرا، بارسێلۆنا تووڕە دەکات.
رۆژنامەی La Vanguardiaـی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ئەو کلێنسەی ساڵی 2000 گرێبەستی نێوان لیۆنێل مێسی و یانەی بارسێلۆنای لەسەر نووسرایەوە، وابڕیارە لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بفرۆشرێت، ئەمەش یانەی بارسێلۆنا تووڕە دەکات.
ساڵی 2000 کاتێک مێسی لە نیوئۆڵد بۆیزی ئەرجەنتینی چووە ریزەکانی بارسێلۆنا، هۆراسیۆ گاگیۆلی بەڕێوەبەری کارەکانی لیۆ و کارلس ریکساچ سکرتێری هونەری ئەوکاتی یانە کەتەلۆنییەکە لەسەر دەستەسڕێک گرێبەستەکەیان نووسییەوە، هۆراسیۆ گاگیۆلی پێشتر رایگەیاندبوو ئەو دەستەسڕە پێشکەشکی مۆزەخانەی بارسێلۆنا دەکات، کەچی ئێستا وادیارە پەشیمان بووەتەوە.
رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاشکرایکردووە، هۆراسیۆ گاگیۆلی کە 24 ساڵە ئەم دەستەسڕەی پاراستووە، لەگەڵ کۆمپانیای بۆنهامزی بەریتانی رێککەوتووە رۆژانی 18 تا 27ـی مارس لە زیادکردنێکی ئاشکرادا دەستەسڕەکە بفرۆشێت، کە پێشبینی دەکرێت نرخی دەستەسڕەکە لە نێوان 300 هەزار پاوەند بۆ 500 هەزار پاوەند بێت.
بارسێلۆنا ئەم دەستەسڕە بە بەشێکی یەکجار گرنگی مێژووی یانەکە دەزانێت، کە بە چوونی مێسی بۆ بارسێلۆنا یانە کەتەلۆنییەکە دەیان نازناوی بەدەستهێنا و سەردەمێکی زێڕینی نووسییەوە، بۆیە بلاوگرانا بە فرۆشتنی ئەو دەستەسڕە دڵگرانە.