تایبەت بە یاریگا؛ عەلی شاخەوان لەگەڵ یانەی هەولێر نەگەیشتە رێککەوتن
یاریگا –
عەلی شاخەوان لەگەڵ یانەی هەولێر نەگەیشتە رێککەوتن و لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوو چارەنووسی ئەو یاریزانە یەکلا دەبێتەوە.
عەلی شاخەوان، ناوەڕاستکاری لاوی یانەی هەولێر لە لێدوانێکی بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا دەڵێت :’لەگەڵ بەڕێز وەلید عارەب سەرۆکی یانەی هەولێر گفتوگۆیەکی زۆرمان کرد و نەگەیشتینە رێککەوتن، من سوورم لەسەر ئەوەی پێشەکی گرێبەستەکەم پێبدەن یان رێگام پێبدەن لە یانەکە بڕۆم و مافی دەستبەرداربوونم پێبدەن’.
‘لە یانەکانی زەوڕا و تەڵەبە و کارەبا ئۆفەرم بۆ هاتووە و تاوەکو سبەی چاوەڕێی وەڵامی یانەی هەولێر دەکەم’.
عەلی شاخەوان کە تاوەکو ئێستا لەگەڵ یانەکە دەستی بە مەشق و راهێنان نەکردووەتەوە، دەڵێت :’لە یانەکانی زەوڕا و تەڵەبە و کارەبا ئۆفەرم بۆ هاتووە و بە بەرپرسانی یانەی هەولێرم راگەیاندووە، تاکو سبەی پێنجشەممە (25ـی یەنایەری 2024) چاوەڕێ دەکەم، ئەگەر پێشەکی گرێبەستەکەم پێنەدەن ئەوا دەچمە یانەیەکی دیکە’.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، دوێنێ سێشەممە وەلید عارەب سەرۆکی یانەی هەولێر لەگەڵ سەرجەم یاریزانانی یانەی هەولێر کۆبووەتەوە و داوای لێکردوون بۆ وەرگرتنی پێشەکی گرێبەستەکانیان ئارامیان لەسەر بگرن، عەلی شاخەوان لەو کۆبوونەوەیە ئامادە نەبووە، کە تاوەکو ئێستا یاریزانانی یانەکەی قەڵاومنارە پێشەکی گرێبەستەکانیان وەرنەگرتووە.