ڤیدیۆ: بەهۆی هەڵبژاردەی عێراق پێشکەشکارێک و رۆژنامەنووسێک دەبێتە شەڕیان و حکومەت دێتە دەنگ
یاریگا –
لە یەکێک لە کەناڵە عێراقییەکان گرژی و دەمەقاڵی لە نێوان پێشکەشکار و رۆژنامەنووسێک دروست دەبێت و حکومەتی عێراق دێتە دەنگ و بەیاننامەیەک بڵاو دەکاتەوە.
لە کەناڵی INEWS لە بەرنامەی (شەوانی ئاسیا) کە تایبەتە بە رووماڵی یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئاسیا، عەلی نوری پێشکەشکاری بەرنامەکە لەگەڵ عەدنان لەفتە رۆژنامەنووسی عێراقی دەبێتە دەمەقاڵییان و عەدنان لەفتە هەڵدەستێتەوە و دەیەوێت لە پێشکەشکارەکە بدات.
دوای ئەوەی پێشکەشکارەکە دانیلۆ سەعید یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق بەوە تۆمەتبار دەکات داوای کردووە خۆشەویستەکەی لەگەڵ خۆی لە هۆتێل بمێنێتەوە و کاساس بەوە رازی نەبووە، عەدنان لەفتە هەڵدەچێت و هێرش دەکاتە سەر پێشکەشکارەکە و دەڵێت :’شوورەییە بۆ ئێوە بەم شێوازە قسە لەبارەی یاریزانێک دەکەن، تەواو یاریزانەکە هەڵبژاردەی عێراقی بەجێهێشت، بۆ وازی لێ ناهێنن، شوورەییە ئەم تۆمەتانە دەخەنە پاڵی دانیلۆ’.
دوای ئەوەی ڤیدیۆیەکە لە سۆشیاڵ میدیا دەنگی دایەوە، کۆمیسیۆنی راگەیاندن و گەیاندن لە حکومەتی عێراق هاتە دەنگ و بە توندی سەرکۆنەی ئەو هەڵسوکەوتانەی کردووە و هۆشداریی داوەتە بەرنامە وەرزشییەکان، ناکۆکی و جیاکاریی نەخەنە نێو هاندەرانی هەڵبژاردەی عێراق.