فەرمی: ماوەی دوورکەوتنەوەی بەرگریکارەکەی بارسێلۆنا ئاشکرا بوو
یاریگا –
مارکوس ئاڵۆنسۆ، بەرگریکاری یانەی بارسێلۆنا، بە هۆی نەشتەرگەری پشتی تاوەکوو ناوەڕاستی مانگی ئازار ناتوانێت یاوەری یانەکەی بکات.
ئالۆنسۆ چەند مانگێک بوو هەستی بە ئازاری پشتی دەکرد، دواجار بڕیاردرا نەشتەرگەری بۆ بکرێت. دوێنێ لە شاری بۆردۆی فەرەنسا بە سەرپەرشتی دکتۆر ئیمیلی لێگلیس نەشتەرگەریەکەی بۆ ئەنجام درا، هاوکات دکتۆر پرۆنا لە بارسێلۆناوە سەرپەرشتی ڕێکارەکانی نەشتەرگەریەکەی کرد. هەروەها مارک ئاندرێ تێرشتێگن مانگی رابردوو بە سەرپەرشتی هەمان پزیشک لە بۆردۆ نەشتەرگەری بۆ کراوە.
بەهۆی ئەم نەشتەرگەرییەوە، ئاڵۆنسۆ بۆ ماوەی دوو مانگ لە یاریگاکان دوور دەکەوێتەوە و لە لانیکەم 12 یاریی بێبەش دەبێت. 9 یاریی لالیگا، یەک یاریی جامی شای ئیسپانیا ، یەک یاری جامی سوپەر و یاری گەڕانەوەی قۆناغی 16ی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ناپۆلی. ئەگەر بارسێا سەربکەوێت بۆ یاری کۆتایی جامی سوپەر و قۆناغەکانی داهاتووی جامی شای ئیسپانیا، ئالۆنسۆ بە شێوەیەکی سروشتی لە یارییەکانی تریشدا بێبەش دەبێت،
گرێبەستەکەی ئاڵۆنسۆ لە کۆتایی ئەم وەرزەدا کۆتایی دێت و هەموو شتێک ئاماژە بەوە دەکات کە گرێبەستەکەی لە لایەن یانەکەوە نوێ ناکرێتەوە و دوای دوو ساڵ لە بارسێلۆنا یاریی کردنی بە درێسی بارسێلۆنا کۆتایی پێدێت. ئاڵۆنسۆ لەم وەرزەدا لە تیپی یەکەمی بارسا لە هەموو یاریزانەکانیتر کەم یاریی کردووە.