کاریگەری ماڕکێتینگی بێڵینگهام لە سەردەمی نوێی دوای مێسی و رۆناڵدۆ
یاریگا و ئاتلێتیک –
گەر لە کاتی یارییەکانی ریال مەدرید بە دەوری سانتیاگۆ بێرنابیۆ بسووڕێتەوە، سەدان کەس بە درێسی جود بێڵینگهام دەبینیت. ئەمە یەکێکە لە دیاردە نوێیەکانی ئەم وەرزەی لۆس بلانکۆس.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاتلێتێکی راگەیاندووە، فرۆشی درێسەکانی بێڵینگهام 10 ئەوەندەی فرۆشی درێسەکانی ڤینیسیۆس جونیۆرە. هەرچەندە ریال مەدرید و کۆمپانیای ئەدیداس هیچ ژمارەیەکی فەرمیان لەم بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە، هاندەرانی مەدرید زۆر بە بێڵینگهام سەرسامن.
جود تاوەکو ئێستا لەم وەرزەدا 10 گۆڵی لە 10 یاریدا کردووە، ئەمەش دوای گواستنەوەی بەبڕی 103 ملیۆن یۆرۆ لە بۆڕووسیا دۆرتموندەوە بۆ ریال مەدرید. جود تەنیا 20 ساڵە و تەواوی هەوادارانی وەرزشی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ریال مەدرید درکی بە گرنگی بێڵینگهام کردووە و هەرزوو پلانێکی ماڕکێتینگی گەورەی بۆ جود داڕێشت. بەگوێرەی فرۆشی درێسەکان بێت، بێڵینگهام رکابەری لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی پاریس سانجێرمان، ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی ریال مەدرید و ئێرلینگ هالاند، ئەستێرەی مانچێستەر سیتی دەکات.
ستیڤ مارتن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای M&C ساتچی سپۆرت & ئینتەرتەینمێنت بە ئاتلێتیکی راگەیاندووە
بێڵینگهام ئاوێتەیەکە لە زۆر شت، ئەوەی لەسەر یاریگا دەیکات، کارێکی ناوازەیە و لە هەمان کاتدا ئیلهام بەخشە. شێوازی یاریکردنی زۆر ناوازەیە. لە هەموو شوێنێکی یاریگایە، گۆڵ دەکات، خۆخشاندنی زۆرە و هەمووان چێژ لە سەیرکردنی وەردەگرن. بە باشی سەیری خۆی دەکات، بۆیە خۆی کۆنتڕۆڵ کردووە. لەڕووی وەرزشی و ماڕکێتینگەوە، یاریزانێکی تەواو کامڵە.
بەر لە گواستنەوەی بێڵینگهام بۆ ریال مەدرید، کۆمپانیای ئەدیداس تەواوی ئامادەکارییەکانی دەستپێکردبوو، کاتێک لە 14ی تەمموز بە فەرمی گرێبەستەکە راگەیێندرا، ئەدیداس هەڵمەتە ماڕکێتینگەی دەستپێکرد و بە دروشمێکی بەهێز، گواستنەوەکەی راگەیاند، ئەدیداس نووسیبووی ”لە بیرمینگهام دروستکراوە. 100% ریالە”.
1/1 😎 pic.twitter.com/XDAUKwNOmu
— adidas Football (@adidasfootball) June 14, 2023
یاریکردنی یاریزانێکی ئینگلیزی لە ئیسپانیا ئاسان نییە، چونکە یاریزانانی ئینگلتەرا، بەردەوام لینکی بەهێزیان لەگەڵ وڵات و شاری خۆیان دەمێنێتەوە. چەند هەفتەیەک دوای پەیوەندیکردنی بێڵینگهام بە ریال مەدرید، گەڕایەوە بیرمینگهام و درێسی بەسەر منداڵان دابەشکرد. هەروەها چەند چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانی کرد، تاوەکو سوپاسی هاندەران و تەواوی ئەوانە بکات، کە بە درێژایی کاروانەکەی پاڵپشتیان کردووە. جود خۆشەویستییەکی بێوێنەی بۆ بیرمینگهام هەیە و بەردەوام باسی دەکات.
پێدەچێت بێڵینگهام زانیارییەکی زۆر باشی لەسەر ریال مەدرید هەبێت، هەر لەگەڵ گەیشتنی بەشداری کویزێکی کەناڵی ریال مەدرید کرد و زانیاری زۆر باشی لەسەر یانە و تەنانەت شاری مەدریدیش هەبوو. جود دەیزانی نافوورەی سیبێلێس لە کوێییە و گۆڵەکانی یاری کۆتایی 2017ی لەیادبوو، کاتێک کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کاسیمێرۆ و مارکۆ ئاسێنسیۆ سێ گۆڵیان کرد. پێدەچێت ئامادەکاری تەواوی بۆ ریال مەدرید کردبێت، ئەمەش هۆکارێکی بەهێزە بۆ گەشە خێراکەی جود لەگەڵ مەدرید.
💡 QUIZ TIME💡
😏 Do you know more about Real Madrid than @BellinghamJude?#HeyJude pic.twitter.com/QYxZ5eviHi— Real Madrid C.F. 🇬🇧🇺🇸 (@realmadriden) June 26, 2023
بێڵینگهام هەندێ شارەزای زمانی ئیسپانییە و دەتوانێت قسەی پێبکات، ئێستا لەڕێگەی ئەپلیکەیشنێکی تایبەت بە زمانەوانی، خەریکی بەرەوپێشبردنی زمانەکەیەتی. پێشتر یاریزانی وەک مایکڵ ئۆوێن و گارێس بەیڵ، رووبەڕووی کێشەی زۆری گۆڕینی کەلتوور و خۆگونجان لە ئیسپانیا بوونەوە، بەڵام پێدەچێت بێڵینگهام هیچ کێشەیەکی لەم رووەوە نەبێت.
گارێس باڵخ، بەڕێوەبەری جێبەجێکار و هاوخاوەنی کۆمپانیای مارکێتینگی تو سێرکڵس دەڵێت
چەندین یاریزان هەن لە سەردەمی سەرەتای ئینتەرنێتدا ون بوون،چونکە نەیانزانی چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن ئامۆژگاری باش نەکران و نەیتوانی خۆیان بگونجێنن. بێڵینگهام یاریزانێکە زۆر وریایە و لەو ژینگەیە گەورە بووە، زۆر وردەکاری لەبارەی سۆشیاڵ میدیا و خاڵە نەرێنییەکانی دەزانێت. لەوەتەی 16 ساڵییەوە ئەستێرەیە، زۆر باش ئامۆژگاری کراوە و بووەتە پیشەگەرێکی چاوکراوە، چونکە بە خەڵکی باش دەورە دراوە. ئێستا دەتوانێت وەک ئەستێرەیەک و مرۆڤێک گەشە بکات، ئەمە تێکەڵەیەکی زۆر بە بەهایە.
جیا لە گێڕانی رۆڵێکی گەورەی گۆڵ کردن، بێڵینگهام خەریکی گێڕاندنی رۆڵێکی دیکەی گرنگە، ئەویش دروستکردنی یارییە. هەر لەسەر ئاستی هێرشبردن و بەرگریدا، دەتوانێت ئەرکی هاوڕێیانی ئاسان بکات.
بێڵینگهام زۆر باش سۆشیاڵ میدیا بەکاردەهێنێت، توانیویەتی ماڕکێتینگێکی گەورە بۆ خۆی بکات، جیا لەمە کەسایەتییەکی دیکە پیشانی خەڵک دەدات. مارتن دەڵێت
هیچ یاریزانێک نەیتوانیوە لە ساتی گەیشتنی بە ریال مەدرید، وا لەگەڵ یاریزانانی دیکە تێکەڵ بێت، گوایە 10 ساڵە هاوڕێن. راستە دۆرتموند کەشێکی زۆر باشی بۆ بێڵینگهام رەخساندبوو، بەڵام بانگهێشتکردنی لە تەمەنی 16 ساڵی بۆ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و تێکەڵبوونی بە کولتوورێکی نوێ، وایکردووە لە مەدرید بە ئاسانی خۆی بگونجێنێت و ببێتە خۆشەویستی هاندەران.
کراوەیی بێڵینگهام لە سۆشیال میدیا وایکردووە، بەردەوام وێنەکانی خۆی بڵاوبکاتەوە، لێرە کەسایەتییەکی دیکەش ناسراوە بە ناوی جۆب. برای بێڵینگهام تەمەنی 18 ساڵە و وەک ناوەڕاستکار یان هێرشبەر یاری بۆ سەندێرلاند لە چامپیۆنشیپ دەکات.
لە هاوینی رابردوودا بێڵینگهام گەڕایەوە بیرمینگهام و لەگەڵ منداڵان یاری کرد، ئەمەش وێنەی بێڵینگهامی لە بەریتانیا زۆر جوان کرد.
What a moment back in Stourbridge, seeing all the kids doing my celebration. 🙌
I joined them at a @FunFootballUK session, where children can play and enjoy the game, for free.😍
@mcdonaldsuk are running more football sessions this month. Sign up 👉 https://t.co/MZ3sDouXoh… pic.twitter.com/13YccPMIil— Jude Bellingham (@BellinghamJude) September 21, 2023
هەمووان دەزانن بێڵینگهام ئامادەکاری بۆ بوون بە سوپەرستار دەکات، هەربۆیە دایک و باوکی لە نزیکەوە چاودێری و پاڵپشتی دەکەن. هەروەها بێڵینگهام مامەڵە لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی ماڕکێتینگ دەکات، تاوەکو وێنەیەکی جوان پیشانی خەڵک بدات، ئەمە هەمان ئەو رێچکەیە کە رۆجێ فێدرێر ئەزموونی کردووە.
کێشەی بێڵینگهام لە مەدرید چیە؟
جیاوازی ریال مەدرید لەگەڵ یانەکانی دیکە لەڕووی ماڕکێتینگەوە بریتییەوە لەوەی مەدرید 50%ی مافی وێنەی کەسی یاریزانەکانی دەوێت، ئەمەش کێشەی زۆری لە رابردوودا بۆ یانە ئیسپانییەکە دروستکردووە، لەوانە لە کاتی نوێکردنەوەی گرێبەستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و هەروەها کێشەیەکی دیار بوو لە پڕۆسەی گفتوگۆکانی نێوان مەدرید و کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی پاریس سانجێرمان.
مەدرید پێی وایە هاوکێشەی 50% بە 50% لە قازانجی هەردوولایە، چونکە یاریزان بە پۆشینی درێسی یانەکە دەتوانێت خۆی و یانەکەش جوانتر پیشانی هاندەران بدات. چونکە ریال پێی وایە، ئەو یاریزانەی لە مەدرید یاری بکات، دەرفەتی بردنەوەی باڵۆندۆر و چامپیۆنزلیگی زیاترە لە یانەکانی دیکە. جیا لەمەش لە ریال مەدرید بڕیاردراوە، هیچ یاریزانێک بۆی نییە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکانی دراوی ئەلیکترۆنی بکەن.
کاریگەری پەیوەندی بێڵینگهام بە ریال مەدرید زۆر روونە، کاتێک پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد، ژمارەی فۆڵۆوەرزەکانی لە ئینستاگرام 10 ملیۆن فۆڵۆوەرز بوو، بەڵام ئێستا لە 20 ملیۆن نزیکبووەتەوە. هەرچەندە ئەمە ژمارەیەکی زۆر نییە، چونکە یاریزانێکی وەک لوکاس ڤازکوێز زیاتر لە 20 ملیۆن فۆڵۆوەرزی هەیە، تەنیا لەبەر ئەوەی 10 ساڵە یاریزانی ریال مەدریدە.
ریال مەدرید لە ساڵی 2019 گرێبەستێکی گەورەی لەگەڵ کۆمپانیای ئەدیداس واژۆ کرد و تاوەکو 2028 بەردەوام دەبێت. بەهای گرێبەستەکە گەیشتووەتە 1.1 ملیار دۆلار و ئەمە گەورەترین گرێبەستی یانەیەکە لەگەڵ کۆمپانیایەکی دروستکردنی کەلوپەلی وەرزشی. ریال مەدرید بە شێوەیەک لەگەڵ ئەدیداس رێککەوتووە، ساڵانە لە کۆی گشتی داهاتەکە، رێژەیەکی سەدی وەردەگرێت. مارتن لەم بارەیەوە دەڵێت
هیچ گرنگ نییە چەند درێسی بێڵینگهام بفرۆشرێت، تەنانەت ئەگەر 150 ملیۆن درێسیش بفرۆشرێت، هیچی بۆ ریال مەدرید نابێت، بەڵکو رێژەیەکی لێوەردەگرێت. بیرۆکەی فرۆشتنی درێس و پەیداکردنەوەی پارەی گواستنەوەکە، بەڕاستی زۆر بێمانایە، بەڵکو ئەدیداس قازانجی زۆر دەکات.
سەرچاوەیەک لە دەستەی کارگێڕی ریال مەدرید بە ئاتلێتیکی راگەیاندووە، بینینی هاندەران و پۆشینی درێسی بێڵینگهام، هاوشێوەی سەرەتای ساڵانی 2000-ە، کاتێک زینەدین زیدان، رۆناڵدۆ نازاریۆ، دەیڤد بێکهام و لویس فیگۆ پەیوەندیان بەو یانەیەوە کرد، ئەمە گۆڕانکاری گەورەی لە ماڕکێتینگی مەدرید دا کرد. هەرچەندە بەراوردکارییەکی رەوا نابێت، بەڵام ئێستا بێڵینگهام بە تەنیا و لە تەمەنی 20 ساڵیدا، کاریگەری لە تیمەکەی گالاکتیکۆس زیاترە.
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید زۆر باش لە ماڕکێتینگی جیهانی گەیشتووە، بەردەوام حەزی کردووە، یاریزانێکی ئینگلیز-زمان لە تیمەکەیدا هەبێت، چونکە کاریگەری زۆری لەسەر پلانەکانی ماڕکێتینگی یانەکە لەسەر ئاستی جیهان دەبێت.
هەرچەندە بێڵینگهام هیچ قازانجێک لە فرۆشتنی درێسەکان ناکات، بەڵام ئەمە دەبێتە بابەتێکی سەرەکی وەرگرتنی بەرامبەر، کاتێک ساتی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەستپێدەکات.
هێشتا بێڵینگهام زۆری ماوە بگاتە دەستکەوتە ماڕکێتینگەکانی لیۆنێل مێسی، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، زیدان و دەیڤد بێکهام. بەڵام لەسەر رێچکەیەکی دروست دەڕوات.
ئەوەی روونبووەتەوە، بێڵینگهام لە دوو مانگی رابردوودا، ژمارەی فرۆشی درێسەکانی لە ڤینیسیۆس زیاتر کردووە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، جود دەتوانێت رکابەری ئێمباپێ و هالاند بکات و ببنە سوپەرستاری 10 ساڵی داهاتوو یاخود زیاتر.