ئاسیاگرنگترین

تەواوی وردەکارییەکانی هەڵوەشاندنەوەی یاری سێپاهان و ئیتیحاد بزانە

Yariga App

یاریگا –

بڕیار بوو دوێنێ دووشەممە، لە گەڕی دووەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، یانەکانی سێپاهانی ئێرانی و ئیتیحادی سعودی، لە یاریگای نەقش جەهان لە ئیسفەهان کاتژمێر 19:00 رووبەڕووی یەک ببنەوە، بەڵام لەناکاو هاوکێشەکە گۆڕا و یارییەکە هەڵوەشێندرایەوە.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساتی دەستپێکردنی یارییەکە، دۆخەکە گرژ دەبوو. هەرچەندە یاریزانانی سێپاهان بۆ خۆ گەرمکردن چوونە نێو یاریگا، بەڵام یاریزانانی یانە سعودییەکە لە هیچ شوێنێک دیار نەبوون.

میدیاکاران چاوەڕێی چوونە ژوورەی یاریزانانی ئیتیحاد بوون، سەیری کاتژمێرەکانیان دەکرد، بەڵام ئەستێرەکانی یانە سعودییەکە خۆیان گەرم نەکردەوە.

کاتژمێر بووە 19:00 هیچ ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنی یارییەکە نەبوو، دوای چەند خولەکێک، هەڵوەشاندنەوەی یارییەکە بەهۆی ئامادەنەبوونی یاریزانانی ئیتیحاد، راگەیێندرا.

شاندی یانە سعودییەکە ناڕەزاییان لەسەر دیزاینی یاریگاکە هەبوو، چونکە پەیکەرێکی قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی هێزی قودسی سوپای پاسداران لە نێو یاریگاکە دانرابوو. ئەمەش ناڕەزایی سعودییەکانی لێکەوتەوە. قاسم سلێمانی لە هێرشێکی درۆنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە سەرەتای ساڵی 2020 لە بەغدا کوژرا.

ئیتیحاد
وێنەی چاودێران و نوێنەرانی یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا کە بەخێرایی سواری ئۆتۆمبێلەکانیان دەبن و یاریگای نەقش جەهانیان بەجێهێشت تا راپۆرتی یارییەکەیان بۆ یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا بنێرن.

کاتژمێر بووە 19:20 و یارییەکە دەستپێنەکردبوو، جارێکی دیکە، سەرپەرشتیارانی ئیتیحاد، چوونە لای سەرپەرشتیارانی یارییەکە و داوای روونکردنەوەیان کرد، وەڵامی بەرپرسانی یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا بریتی بوو لەوەی، 10 خولەکی دیکە چاوەڕێ بکەن، ئەگەر مەرجەکان نەگۆڕدرێن و پڕۆتۆکۆلی راستەقینە جێبەجێ نەکرێت، یارییەکە هەڵدەوەشێندرێتەوە و ئەوکات دەتوانن یاریگا جێبهێڵن.

لە کۆتاییدا سەرپەرشتیاری یارییەکە هەڵوەشاندنەوەی یارییەکەی راگەیاند و یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا دەستبەجێ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە

بەهۆی پێشهاتی پێشبینی نەکراو، یاری نێوان سێپاهان و ئیتیحاد هەڵوەشایەوە. فایڵی یارییەکە دەدرێتە لیژنەی تایبەتمەند.

پێش بڵاوکردنەوەی بەیاننامەکە، شاندی یانەی ئیتیحاد یاریگایان بەرەو فڕۆکەخانە جێهێشت و گەڕایەوە جەددە.

ئیتیحاد
ستافی یانەی ئیتیحاد کە یاریگا جێدەهێڵن و بەرەو پاسەکەیان رادەکەن

دوای هەڵوەشاندنەوەی یارییەکە، هاندەرانی سێپاهان دروشمیان لە دژی بەرپرسانی یارییەکە و سەرپەرشتیارانی یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا دەگووتەوە.

سێپاهان کاردانەوەیەکی توندی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی یارییەکە هەبوو، لە بەیاننامەیەکدا روونیکردەوە، ناوبژیوان یارییەکەی هەڵوەشاندووەتەوە و سکاڵای یاسایی لەسەر ئیتیحاد تۆمار دەکات.

دواتر، یەکێتیی تۆپی پێی سعودیە، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ ئیتیحاد راگەیاند.

یەکێتی تۆپی پێی سعوودیە هەروەها راگەیاندراوێکی سەبارەت بە رووداوەکە بڵاوکردەوە کە تێیدا پشتگیری لە یانەی ئیتیحاد دەکات.

ئیتیحاد
بەیاننەمەی یەکێتی تۆپی پیی سعودییە

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، پەیکەرەکە ماوەیەکە لە یاریگای نەقشێ جەهان داندراوە، هەرگیز تایبەت بۆ ئەم یارییە ئامادە نەکرابوو.

یاریزانانی ئیتیحاد رۆژێک پێش رۆژی یارییەکە، لە هەمان یاریگا مەشقیان کردووە و پەیکەرەکەی لێبووە. پریساری گەورە لەسەر ئەمە دروستبووە، بۆچی شاندی ئیتیحاد و سەرپەرشتیارانی یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا، بەر لە یارییەکە تاوتوێی ئەم بابەتەیان نەکردووە و لەناکاو یارییەکەیان هەڵوەشاندووەتەوە.

رۆژێک بەر لە یارییەکە، مەشق و راهێنانی یاریزانانی ئیتیحاد لە یاریگای نەقش جەهان

رۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاویکردووەتەوە، یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا تاوتوێی دوو بژاردە دەکات، یارییەکە بەرژەوەندی ئیتیحاد تەواو بکات، یاخود یارییەکە لە یاریگایەکی بێلایەن بەڕێوەبچێت.

یانەی ئیتیحاد لە دوای گەڕانەوەی شاندەکەیان لە ئێران، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە

چاودێرەكەی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا لەگەڵ گەیشتنی شاندی یانەكەمان بۆ یاریگا یانەكەی ئاگادار كردەوە، یارییەكە لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا ناكرێت و ئەوان دەتوانن یاریگا بەجێبهێڵن. دواتر شاندەکە بەرەو فڕۆكەخانە بەڕێکەوت.

بابەتی زیاتر

Back to top button