
یاریگا –
رەنگە بە هۆی حەزی بێ وێنەی جەیدن سانچۆ بە ڤیدیۆگەیم، رێگە بە گەڕانەوەی بۆ بۆڕووسیا دۆرتموند نەدرێت.
یاریزانی نێودەوڵەتی ئینگلیزی لە مانچێستەر یونایتد بە دۆخێکی تایبەتدا تێدەپەڕێت و بە هۆی ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئێریک تێن هاخ، راهێنەری یانەکە، ئێستا لەگەڵ تیمی یەکەم مەشق ناکات.
ئێریک تێن هاخ داوای لە سانچۆ کردووە، داوای لێبووردن لەو پۆستەی بکات کە لە ئینستاگرام بڵاویکردبووەوە و دواتر سڕییەوە. لەو پۆستەدا سانچۆ هێرشێکی توندی کردبووە سەر تێن هاخ و تۆمەتباری کردبوو بەوەی وەک بزنی قوربانی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.
رۆژنامەی بیڵد بڵاویکردووەتەوە، مان یونایتد دەیەوێت لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا، سانچۆ بە نیوەی بەهاکەی بفرۆشێت و بۆڕووسیا دۆرتموند، یەکێکە لە یانە دڵخوازەکانی سانچۆ.
بە گوێرەی رۆژنامە ئەڵمانییەکە، سانچۆ زۆر حەزی لە ڤیدیۆگەیمە و لە دەرەوەی یاریگا چالاکی زۆرە، ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی زەردەواڵەکان لە گواستنەوەی سانچۆ سارد دەکاتەوە. بە گوێرەی زانیاری رۆژنامەی بیڵد سانچۆ درەنگ دەخەوێت و تاوەکو درەنگانی شەو خەریکی ڤیدیۆگەیمە و بەمەش لە مەشقەکان دوادەکەوێت.
جیا لەمەش، ئەگەر سانچۆ بڕیاری گەڕانەوە بۆ دۆرتموند بدات، دەبێ لە بەشێکی زۆری مووچەکەی خۆشبێت.