ئیتاڵیاگرنگترین

یوڤێنتوس: لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ ناترسین

Yariga App

یاریگا –

یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی ترسی لە سکاڵا فەرمییەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پێشوویی تیپەکەی نییە.

هەفتەی رابردوو کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی و هێرشبەری پێشووی یانەی یوڤێنتوس، بەهۆی پێنەدرانی بەشێک لە مووچەکەی، بڕیاریدا رێکاری یاسایی بەرامبەر یانە ئیتاڵییەکە بگرێتەبەر.

لە ساڵی 2020 بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا، یارییەکان بەبێ هاندەر بەڕێوەدەچوون، ئەمەش بووە هۆی لاوازبوونی سەرچاوەی داهاتی یەنەکان و نەبوونی بودجەی پێویست بۆ دابینکردنی مووچەی یاریزانەکانیان.

لەو کاتەدا یوڤێنتوسیش وەک یانەکانی دیکە، بە رێککەوتن لەگەڵ یاریزانەکانی بڕیاریدا بەشێک لە مووچەکانیان پاشەکەوت بکات، دواتر لەگەڵ باشبوونی دۆخی دارایی مووچەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە.

بەو هۆیە بڕی 19.9 ملیۆن یۆرۆی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لای یانە ئیتاڵییەکە ماوەتەوە، تا ئێستا بە یاریزانەکەیان نەداوە.

رۆژنامەی توتۆ سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، لە بارەی سکاڵاکەی رۆناڵدۆ، یوڤێنتوس بەهیچ شێوەیەک نیگەران نییە، چوونکە کاتێک ناوبراو پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتد کردووە، بەڵگەنامەیەکی واژۆ کردووە، کە تێیدا هاتووە یوڤێ هیچ بڕە پارەیەک قەرزاری ئەو یاریزانە نییە.

بەپێی رۆژنامە ئیتاڵییەکە، ئەفسانەکە پۆرتوگالییەکە بەهۆی واژۆکردنی ئەو بەڵگەنامەیە رەنگە نەتوانێت مووچە فەوتاوەکەی لە خانمە پیرەکە وەربگرێتەوە. یانەکەیش بە تەواوی لە بابەتەکە بێخەمە چوونکە بەڵگەی تەواویان لەبەردەستە بۆ بردنەوەی دۆسیەکە.

رۆناڵدۆ لە هاوینی 2018 بە بڕی 117 ملیۆن یۆرۆ لە ریال مەدریدەوە گواسترایەوە بۆ یوڤێنتوس، بە درێسی یانە ئیتاڵییەکە 134 یاری کرد، 101 گۆڵی کرد و 22 گۆڵیشی درووستکرد.

2 نازناوی سێریا ئەی، 2 نازناوی جامی سوپەری ئیتاڵیا و نازناوێکی جامی ئیتاڵیای لەگەڵ یانەکە بەدەستهێنا.

دۆن، پاش سێ وەرز یاریکردن بە درێسی ئەو یانەیە، بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ ماسیمیلیانۆ ئالێگری راهێنەری یانەکە، لە هاوینی 2021 بە بڕی 17 ملیۆن یۆرۆ گەڕایەوە یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی.

 

 

بابەتی زیاتر

Back to top button