ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

تایمڵاینی روبیالێس و قەیرانەکان؛ ماچەکەی هێرمۆسۆ، بەکارهێنانی پارەی گشتی و خۆسەپاندن

Yariga App

یاریگا و ESPN –

لویس روبیالێس، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا ئێستا بابەتی گەرمی میدیاکانە، تایبەت دوای ئەوەی روبیالێس رەتیکردەوە دەست لە پۆستەکەی هەڵبگرێت و دووپاتیکردەوە، تاوەکو کۆتایی شەڕ لە پێناو مانەوەی لە پۆستەکەی دەکات.

ماچەکەی جێنی هێرمۆسۆ، خەریکە سەری روبیالێس دەخوات، دوا بڕیاریش لە دژی لویس، سڕکردنیەتی لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ‘فیفا’ بۆ ماوەی 90 رۆژ.

لەم بابەتەدا، کاروانی روبیالێس وەک سەرۆکی یەکێتییەکە دەخەینەڕوو

ئاداری 2018: هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا

دوای کاروانێکی پڕ دەستکەوت وەک یاریزان، روبیالێس لە ساڵی 2010 بووە سەرۆکی یەکێتیی یاریزانان، لە ساڵی 2017 وازی لە پۆستەکەی هێنا، تاوەکو بگاتە ئامانجە گەورەکە، ئەویش پۆستی سەرۆکایەتی تۆپی پێی ئیسپانیایە.

دوای کێبڕکێیەکی توند لەگەڵ خوان لویس لارێیا، روبیالێس زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بووە جێگرەوەی ئاخنێل ڤییار. ئەمەش دوای تۆمەتبار کردنی ڤییار بە گەندەڵی و جیاکاری.

حوزەیرانی 2018: دوورخستنەوەی لۆپیتگێ

تەنیا یەک مانگ بەر لە دەستپێکردنی مۆندیالی رووسیا، روبیالێس، لۆپیتگێی لە پۆستی راهێنەرایەتی ئیسپانیا دوورخستەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ریال مەدرید و لۆپیتگێ گەیشتبوونە رێککەوتن، لە دوای مۆندیال ئەرکی راهێنەرایەتی یانە مەدریدییەکە بگرێتە ئەستۆ. هەر زوو فێرناندۆ هیێرۆی لە شوێنی لۆپیتگێ دانا و لاڕۆخا لە قۆناخی 16ی مۆندیال، لەسەر دەستی رووسیا کرایە دەرەوە.

فێبرایەری 2019: بووە ئەندامی دەستەی جێبەجێکاری یوێفا

روبیالێس خەون و ئارەزووی گەورەی هەیە، هەرزوو خۆی گەیاندە یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا و بووە ئەندامی دەستەی جێبەجێکار، بەمشێوەیە خۆکارانە بووە یەکێک لە جێگرانی سەرۆکی یەکێتییە بەهێزەکەی ئەوروپا.

حوزەیرانی 2019: شکستی خانمانی ئیسپانیا لە مۆندیال

هەڵبژاردەی خانمانی ئیسپانیا لە قۆناخی 16ی مۆندیالی خانمان، بە ئەنجامی 2-1 بە هەڵبژاردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دۆڕا. ئەمە یەکەم شکستی خانمانی ئیسپانیا بوو لە سەردەمی روبیالێس.

یەنایەری 2020: بردنەوەی کەیسێک لە دادگا

روبیالێس بە هێرشکردنە سەر ئەندازیارێک تۆمەتبار کرابوو، کەسی سکاڵاکار روونیکردبووەوە، لە کاتی نۆژەنکردنەوەی ماڵی روبیالێس لە ساڵی 2019، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا هێرشیکردووەتە سەر، ئەندازیارەکە، کەیسەکەی بردە دادگا، بەڵام روبیالێس بێتاوانی خۆی سەلماند.

سێپتێمبەری 2020: هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆک

ئیکێر کاسیاس، گۆڵپارێزی مێژوویی ئیسپانیا لە کێبڕکێکردنی روبیالێس کشایەوە و ئەمەش رێگەی خۆشکرد، روبیالێس بۆ ماوەی چوار ساڵی دیکە وەک سەرۆک هەڵبژێردرێتەوە.

ئۆکتۆبەری 2020: میوانداری کردنی مۆندیالی 2030

روبیالێس وەک دەموچاوێکی دیاری ئیسپانیا دیاریکرا، تاوەکو شەڕەفی میوانداری کردنی مۆندیالی 2030 بە هاوبەشی لەگەڵ پۆرتوگال بەدەستبهێنن. مەغریب و ئۆکرایناش چوونەتە نێو کێبڕکێکان بۆ میوانداری کردنی مۆندیالی 2030. ئەم هەنگاوە، روبیالێسی زۆر لە پێدرۆ سانچێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیای نزیککردەوە.

تەمموزی 2021: شکستی ئیسپانیا لە یۆرۆ

لە دوای مۆندیال، ئیسپانیا جارێکی دیکە شکستی هێنا و لە قۆناخی پێشکۆتایی یۆرۆ دوورخرایەوە، دوای دۆڕانیان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیتاڵیا.

ئەپریلی 2022: گواستنەوەی سوپەری ئیسپانیا بۆ سعودیە

کلیپێکی دەنگی دزەی پێکرا، وردەکاری زۆر ئاشکرابوون، لە نێویاندا، بەڕێوەچوونی جامی سوپەری ئیسپانیا لە جەددە، سعودیە. هەریەکە لە روبیالێس، جێرارد پیکێ و پاشا خوان کارلۆس، ئەندازیاری گواستنەوەی پاڵەوانیەتییەکە بوون بۆ سعودیە.

ئەپریلی 2022: کڕێی نا شەرعی ماڵەکەی

رۆژنامەی ئێل کۆنفیدێنسیال راپۆرتێکی وردی لەبارەی گەندەڵییەکی روبیالێس بڵاوکردەوە. لویس لەسەر هەژماری یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا، خانووێکی بە کرێ گرتبوو کە پێچەوانەی یاسا بەرکارەکانی یەکێتییەکەیە. روبیالێس ئەوکاتە هەموو دەنگۆکانی رەتکردەوە و رایگەیاند، کۆمەڵێک کەسی بەرژەوەندی خواز لە پشت بابەتەکەوەن.

ئاداری 2022: تۆمەتبارکردن بە تۆمارکردنی ناشەرعی

جارێکی دیکە رۆژنامەی ئێل کۆنفیدێنسیال روبیالێسی بە تۆمارکردنی دەنگی پەیوەندییەکانی تەلەفۆنی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت، تۆمەتبار کرد. مێژووی تۆمارە دەنگییەکان بۆ ساڵی 2018 دەگەڕێتەوە. ئەوکاتە یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتبوو ” دەمانەوێت روونیبکەینەوە، سەرۆکی یەکێتییەکە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ سەرۆکی حکومەت، وەزیرەکان و ئەندامانی حیزبی تۆمار نەکردووە”.

حوزەیرانی 2022: ململانێ لەگەڵ سەرۆکی لالیگا

لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا، روبیالێس چەندین جار ململانێی لەگەڵ خاڤیێر تێباس، سەرۆکی لالیگا کردووە. روبیالێس رەخنەی لە تێباس دەگرت، بەوەی دەیەوێت یارییەکانی لالیگا بباتە ئەمریکا، لە بەرامبەردا تێباس رەخنەی توندی لە گواستنەوەی یارییەکانی جامی سوپەری ئیسپانیا بۆ مەغریب و سعودیە دەگرت.

ساڵی رابردوو، ململانێکان گەیشتنە لووتکە، کاتێک تێباس رایگەیاند، بەرپرسێکی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ خۆی تۆمار کردووە. ئەوکاتە میگێل گارسیا کابا، جێگری سەرۆکی یەکێتییەکە، دانی بە تۆمارکردنی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە نا، بیانووی تۆمار کردنی پەیوەندییەکەشی بۆ خۆپاراستن لە دژی هەوڵەکانی لالیگا وەسف کرد.

تەمموزی 2022: شکستی خانمانی ئیسپانیا لە یۆرۆ

هەڵبژاردەی خانمانی ئیسپانیا جارێکی دیکە لە پاڵەوانیەتییە گەورەکان شکستیهێنا، دوای دۆڕانیان بە هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە قۆناخی چارەکی کۆتایی یۆرۆی 2022.

سێپتێمبەری 2022: تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی پارەی یەکێتییەکە

خوان روبیالێس، دەکاتە مامی لویس روبیالێس و بەڕێوەبەری دیوانی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا بوو، لە داواکاری گشتی سکاڵای لە روبیالێس کرد. خوان دەڵێت، چەندین ئاهەنگی گەورە کە زیاتر سروشتی ‘سێکس’ی هەڵدەگرت، لەسەر خەرجی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا رێکدەخران.

یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا رەخنتە توندی لە خوان روبیالێس گرت و دایە دادگا و لە کۆتاییدا کەیسەکەی بردەوە.

سێپتێمبەری 2022: کێشە لەگەڵ هەڵبژاردەی خانمان

15 یاریزانی ئەوکاتەی هەڵبژاردەی خانمانی ئیسپانیا رەخنەی توندیان لە خۆرخێ ڤیڵدا، راهێنەری ئەوکاتی هەڵبژاردەی خانمانی ئیسپانیا گرت و گلەییان لە شێوازی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردەکە گرت.

15 یاریزانەکە داوای گۆڕانکاری و باشترکردنی مامەڵە و هەیکەلییەتی کارگێڕی هەڵبژاردەی ئیسپانیا کرد، بەڵام روبیالێس بو توندی پاڵپشتی لە ڤیڵدا کرد.

روبیالێس بە توندی هاتە سەرهێڵ و خەڵکی دیکەی بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی فشار لەسەر یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا تۆمەتبار کرد و هەڕەشەی دووخستنەوەی یاریزانانی لە هەڵبژاردەکە کرد، تەنانەت گەڕانەوەی یاریزانانی بە داوای لێبوردن لە ڤیڵدا، پەیوەست کرد.

ئۆکتۆبەری 2022: رەخنەکانی سێڤییا، ڤالێنسیا و ڤیاڕیال

یانەکانی سێڤییا، ڤالێنسیا و ڤیاڕیال داوایان لە روبیالێس کرد داوای لێبوردنیان لێبکات، دوای ئەوەی روبیالێس رایگەیاندبوو، حەزی لەو سێ یانەیە نییە.

دیسێمبەری 2022: شکستهێنان لە مۆندیال

بۆ دووەمجار لەسەر یەک، هەڵبژاردەی ئیسپانیا بە لێدانی یەکلاکەرەوە لە مۆندیال دوورخرایەوە، ئەمجارە لەسەر دەستی هەڵبژاردەی مەغریب. دوای پاڵەوانیەتییەکە، لویس ئێنریکێ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و لویس دێ لا فوێنتێ لە شوێنی داندرا.

دیسێمبەری 2022: گومان لە زیادبوونی بەرچاوی قازانجی یەکێتییەکە

یەکێک لە خاڵە ئەرێنییەکانی سەردەمی روبیالێس، زیادبوونی قازانجی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیایە. لە 2018 کاتێک روبیالێس دەستبەکاربوو، داهاتی ساڵانە بریتی بوو لە 146 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام لە ساڵی 2022، قزانجی یانەکە گەیشتە 406 ملیۆن یۆرۆ. زۆربەی قازانجەکەی ساڵی 2022، بەهۆی بەشداری کردنی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بوو، لە مۆندیالی قەتەر.

یەنایەری 2023: رەخنە لە جامی سوپەری ئیسپانیا

یەکێتیی یاریزانانی ئیسپانیا رەخنەی توندی لە یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا گرت و بە رێزنەگرتن لە خانمانی بارسێلۆنا تۆمەتبار کرا.

خانمانی بارسێلۆنا نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیای بردەوە، لە کاتی دابەشکردنی مێدالیاکان، هیچ کەسێک نەبوو مێدالیاکان بە یاریزانان بدات، یاریزانان خۆیان لەسەر مێزێکی دیاریکراو، مێدالیاکانیان هەڵدەگرت. ئەمەش یەکێتییەکەی تووشی رەخنە زۆر کردەوە و دواتر لە بەیاننامەیەکدا روونیانکردەوە، پڕۆتۆکۆلی ئیڤێنتەکە بەو شێوەیە بوو و لە سوپەری پیاوانیش، هەمان پڕۆتۆکۆل بوو.

ئاداری 2023: سیخوڕی کردن

یەکێتیی یاریزانانی ئیسپانیا، روبیالێسیان بە سیخوڕی کردن بەسەر دەیڤد ئاگانزۆ، سەرۆکی یەکێتیی یاریزانان تۆمەتبارکرد. وەک هەوڵێک بۆ لاوازکردنی یەکێتییەکە، بەڵام یەکێتیی تۆپی پێ ئیسپانیا، تۆمەتەکانی رەتکردەوە.

حوزەیرانی 2023: رێککەوتنی هەمەلایەنە لەگەڵ هەڵبژاردەی خانمان

دوای قەیرانە قووڵەکەی ساڵی رابردووی نێوان روبیالێس و یاریزانانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، بۆ هێور کردنەوەی دۆخەکە، روبیالێس گۆڕانکاری لە هەیکەلیەتی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردەی خانمانی ئیسپانیا کرد و تیمێکی پڕۆفێشیۆناڵی دەستنیشان کرد. یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا رازیبوو، بڕی 150 هەزار یۆرۆ بۆ هەر یاریزانێک تەرخان بکات، تاوەکو خێزانەکانیان لەگەڵ خۆیان ببەنە ئوسترالیا و نیوزیلاند، تاوەکو بەشداری لە مۆندیال بکەن.

حوزەیرانی 2023: بردنەوەی نەیشنزلیگ

هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە ئیتاڵیا و کرواتیای بردەوە و بووە پاڵەوانی نەیشنز لیگ.

21 – ئابی 2023: ماچەکەی هێرمۆسۆ

لە دوای بردنەوەی مۆندیالی 2023، روبیالێس لەگەڵ یاریزانانی هەڵبژاردەی خانمانی ئیسپانیا ئاهەنگیگێڕا. بەڵام ماچەکەی هێرمۆسۆ هەموو هاوکێشەکانی گۆڕی و روبیالێسی رووبەڕووی رەخنەی توند کردەوە. هەر زوو لە دوای رەخنەگرانی بە ‘گێل’ وەسف کرد،

22 – ئابی 2023: داوای لێبوردن بە ڤیدیۆ

لە دوای زیادبوونی رەخنەکان، روبیالێس لە ڤیدیۆییەکدا داوای لێبوردنی لە هەڵسوکەوتەکەی کرد. دوای ئەوەی میکێل ئێسێتا، وەزیری کولتوور و وەرزشی ئیسپانیا، هەڵسوکەوتەکەی روبیالێسی بە قبووڵ نەکراو دانا، روبیالێس بە ڤیدیۆ داوای لێبوردنی کرد.

هێرمۆسۆ لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە دوای رووداوەکە روونیکردەوە، حەزی لە ماچەکە نەبوو و رۆژێک دوای ئەم قسەیەی روونیکردەوە، ماچەکە بابەتێکی زۆر گەورە نییە و هۆکارەکەی بۆ بەرزی هەستی خۆشی و بردنەوەی نازناوەکە گەڕاندەوە.

22 – ئابی 2023: زیادبوونی فشارەکان

لە ئیسپانیا ماچەکە تەواوی میدیاکانی داگیر کردبوو، پێدرۆ سانچێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا روونیکردەوە، داوا لێبوردنەکەی روبیالێس بەس نییە و ناتەواوە. یۆلاندا دیاز، یاریدەدەری جێگری سەرۆک وەزیران داوای دەست لەکارکێشانەوەی لە روبیالێس کرد.

23 – ئابی 2023: کاردانەوە توندەکانی ماچەکەی هێرمۆسۆ

فشارەکان کاتژمێر دوای کاتژمێر زیاد دەبوون، یانەکانی ئیسپانیا دەستیان بە داواکانیان کرد و پێیان گوت، دەست لەکاربکێشەوە. ئانخێل تۆرێس، سەرۆکی خێتافی روونیکردەوە، نابێ بۆیەک خولەکی دیکەش روبیالێس لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە. یەکێتیی یاریزانانی ئیسپانیا و FIFPRO سەرکۆنەی هەڵسوکەوتی روبیالێسیان کرد.

24 – ئابی 2023: دەستپێکردنی بڕیارەکان

فیفا، لە رێگەی دەستەی تەمبێکارییەوە، لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد و بە پێشێلکردنی بڕگەکانی یەک و دووی ماددەی 13 رێسای فیفا، تۆمەتبار کرا.

25 – ئابی 2023: شەڕ دەکەم

لە دوای کۆبوونەوەی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا لە مەدرید، روبیالێس جەختیکردەوە، دەستبەرداری پۆستەکەی نابێت و بەرگری لە خۆی دەکات.

روبیالێس لە دوای کۆبوونەوەکە گوتی ”پێتان وایە رووداوەکە زۆر گەورەیە و دەبێ واز بێنم؟ دوای باشترین بەڕێوەبردن لە مێژووی تۆپی پێی ئیسپانیا؟ با پێتان بڵێم، دەست لەکارناکێشمەوە، دەست لەکارناکێشمەوە، دەست لەکارناکێشمەوە”.

”من کەوتوومەتە ژێر فشارێکی زۆرەوە، رەنگە زۆرێک هەبن هەوڵی لابردنم بدەن، بەڵام ئێمە لە وڵاتێک دەژین کە یاسای لێیە، ماچێکی کە بە رەزامەندی بووە، بەسە بۆ ئەوەی دووربخرێمەوە؟ تاوەکو کۆتایی شەڕ دەکەم و هیوادارم کار بە یاسا بکرێت. هیچ هۆکارێک بۆ دوورخستنەوەی من نییە و رووش نادات”.

26 – ئابی 2023: سڕکردن بۆ ماوەی 90 رۆژ

لە بەیاننامەیەکدا، خۆرخێ ئیڤان پالاسیۆ، سەرۆکی دەستەی تەمبێکاری فیفا روونیکردەوە، بە بەکارهێنانی دەسەڵاتی وەرگیراو لە ماددەی 50ی رێساکانی فیفا، بڕیارماندا بەڕێز روبیالێس لە هەموو چالاکییەکی پەیوەندیدار بە تۆپی پێی نیشتمانی و نێودەوڵەتی سڕ بکەین. هەر لەمڕۆوە کار بە بڕیارەکە دەکرێت و بۆ ماوەی 90 رۆژ بەردەوام دەبێت.

28 – ئابی 2023: هەڕەشەی کشانەوە لە ئەوروپا

یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا لە بەیاننامەیەکدا، هەڕەشە دەکات و دەڵێت، لە ئەگەری دوورخستنەوەی روبیالێسدا، لە پاڵەوانیەتییەکانی سەر بە یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا دەکشێنەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر بەشداریکردنی یانەکانی ئیسپانیا لە پاڵەوانیەتییە کیشوەرییەکان دروست دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button