مەیسن گرینوود بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و بەرگری لە خۆی دەکات
ئەمڕۆ یانەی مانچێستەر یونایتد رایگەیاند بڕیاریانداوە چیتر مەیسن گرینوود یاری بۆ یانەکەیان نەکات و ئەو یاریزانەش بەرگری لە خۆی دەکات.
گرینوود پێشتر لە یانەکە دوورخرایەوە پاش ئەوەی تۆمەتبارکرا بە ئازاردانی خۆشەویستەکەی و خوشکی خۆشەویستەکەی. هەرچەندە دواتر دادگا ئەو یاریزانەی بە بێ تاوان لە قەڵەمدا بەڵام یانەکەی پێی وایە بێ هەڵە نەبووە و هێشتنەوەی زیان لە ناوبانگی یانەکە دەدات.
لاوە ئینگلیزییەکە، پاش ئەو هەواڵە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە
دەمەوێت بەوە دەست پێبکەم کە تێدەگەم لەوەی خەڵکی هەمیشە بەوە حوکمت لەسەر دەدەن کە دەیبینن و دەیبیستن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. دەشزانم هەمیشە بیر لە خراپترین دەکەنەوە. من وا پەروەردە کراوم کە بزانم توندوتیژی و سوکایەتی لە هەموو پەیوەندییەکدا هەڵە. من ئەو کارانەم نەکردووە کە پێی تۆمەتبارکرام و لە مانگی دووشدا لە هەموو تۆمەتەکان پاککرامەوە لەلایەن دادگا. لەگەڵ ئەوەشدا، خۆم بە بەرپرس دەزانم لەوەی بێ هەڵە نەبووم کە پەیوەندییەکەمدا و لەوەی کە گەیشتە ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکرێتەوە. بڕیارەکەی ئەمڕۆ بە هاوبەشی لە نێوان یانەکە و خێزانەکە و خۆمدا درا و وا بە باش زانرا لە دەرەوەی ئۆڵد ترافۆرد درێژە بە کاروانی یاریکردنم بدەم. سوپاسی یانەکە دەکەم کە پاڵپشتمبوون لەو کاتەوەی لە تەمەنی حەوت ساڵیدا پەیوەندیم پێوەکردن. هەمیشە بەشێک لە من یونایتد دەبێت.
گرینوود لە تەمەنێکی کەمدا بە سەرەتایەکی بەهێز دەستی پێکرد کاتێک لە 16 ساڵیدا یەکەم یاری فەرمی بۆ یانەکە ئەنجامدا و دواتریش بووە یاریزانێکی گرنگ، بەڵام تۆمەتێکی ناراست تەواوی ژیانی ئەو یاریزانەی سەرەو ژێر کرد.