وردەکاری گرێبەستی نێوان هیلال و نێیمار سەرسووڕهێنەرە !
یاریگا –
گواستنەوەی نێیمار دا سیلڤا، یەکێکە لە دیارترین گواستنەوەکانی مێرکاتۆی ئەم هاوینە، بگرە یەکێکە لە سەرنجڕاکێشترینەکان، چونکە نێیمار هێشتا لە لووتکەی ئاستی خۆیەتی، کەچی پەیوەندی بە خولی سعودییەوە کرد.
شۆڕشی سعودییەکان بۆ بەهێزکردنی خولی رۆشن بەردەوامە، لە دوای سادیۆ مانێ، کەریم بێنزێما، ئێنگۆلۆ کانتێ، ریاز مەحرز و دەیان یاریزانی دیکە ئەمجارەیان نۆرە گەیشتە نێیمار و ئێستا بۆ ماوەی دوو وەرز، یاریزانی هیلالە.
بۆ رازیکردنی یاریزانێکی وەک نێیمار، دەبێ بژاردە و ئۆفەری زۆر باشی بخەتە بەردەست، چونکە نێیمار یەکێکە لەو یاریزانانەی بەردەوام حەزی بە گەڕان و باشترین کەلوپەلە.
فووت مێرکاتۆ چەند نهێنییەکی گرێبەستی نێوان هیلال و نێیماری بڵاوکردووەتەوە کە زۆر خەیاڵین. بە گوێرەی راپۆرتەکان نێیمار، بۆ ماوەی دوو وەرز 400 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت، بەڵام جیا لەمەش، چەندین ئۆفەری دیکەی پێشکەش کراوە، دەتوانێت وەک پاشایەک بژیت.
ئەمانەی خوارەوە بەشێکن لەو تایبەتمەندیانەی نێیمار لە سعودیە وەریدەگرێت:
فڕۆکەی تایبەت
فڕۆکەیەکی تایبەت بۆ نێیمار دابین دەکرێت، لە دوای یاری و مەشقەکان دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی گەشت بکات و بەمەش لە فڕۆکە تایبەتە بازرگانییەکان دووردەکەوێتەوە، هەر کوێی بوێت، راستەوخۆ گەشتی بۆ دەکات.
ڤێلایەکی گەورە بە ستافەوە
ڤێلایەکی گەورەی ‘فوول سمارت’ بە خزمەتگوزار و ستافێکی تەواو، بۆ نێیمار ئامادە کراوە. بەمەش سوپەر نێی سەرنجی تەواوی لەسەر تۆپی پێ دادەنێت.
پاداشتی بردنەوە
بۆ بردنەوەی هەر یارییەکی هیلال، نێیمار بڕی 87.344 دۆلار وەردەگرێت، بەمەش ئەگەر بیرکارییانە بیری لێ بکەینەوە، رەنگە لە کۆتایی وەرزدا، نێیمار ملیۆنەها دۆلاری بە بردنەوە و دەستکەوتەکانی هیلال دەستبکەوێت.
پاداشتی سۆشیال میدیا
نێیمار بۆ هەر پۆستێک لەبارەی سعودیەوە بیکات، بڕی 500 هەزار دۆلار وەدەگرێت. حکومەتی سعودیە دەیەوێت سۆشیال میدیای نێیمار بۆ رێکلام کردن بەکار بهێنێت، تاوەکو کاریگەری لەسەر هەوادارانی ئەستێرە بەرازیلییەکە دروست بکات.
چەند وردەکارییەکی دیکەی گرێبەستەکەی
- ماڵێکی گەورەی 25 ژووری.
- مەلەوانگەیەکی 40X10 و سێ ساونا.
- ئۆتۆمبێلێکی بێنتڵی کۆنتینێنتاڵ GT.
- ئۆتۆمبێلێکی ئاستۆن مارتن DBX.
- لامبەرگینی هوراکان.
- شۆفێرێکی 24 کاتژمێری ئامادە.
- خەرجییەکانی هۆتێل، رێستورانت و خزمەتگوزارییە جیاوازەکان هەمووی لە ئەستۆی هیلال دەبێت.
Happy, Leaders? 👀@neymarjr #AlHilal 💙#Neymar_Hilali pic.twitter.com/Mm51MrS00Y
— AlHilal Saudi Club (@Alhilal_EN) August 15, 2023
سعودیە گرەو لەسەر گرێبەستی وەک کریستیانۆ رۆناڵدۆ، نێیمار و کەریم بێنزێما بۆ بەرزکردنەوەی ناوی سعودیە و راکێشانی ئەستێرەی زیاتر دەکات. پرسیارە گەورەکە ئەوەیە، ئایا سعودیە دەتوانێت ئامانجەکانی بەم شێوەیە بپێکێت.