بەیاننامەی فەرمی مانچێستەر یونایتد لەسەر چارەنوسی گرینوود
یاریگا
سەرەڕای بێتاوانی ماسۆن گرینوود لە تۆمەتەکانی دەستدرێژی و هەراسانکردنی هاوبەشەکەی، بەڵام هێشتا مانچستەر یونایتد هیچ بڕیارێکی لەبارەی گەڕانەوەی بۆ مەشقەکانی تیپی یەکەم نەداوە.
کاتژمێرێک لەمەوبەر هەواڵێک بڵاوکرایەوە کە ڕیچارد ئارنۆڵد لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ستافی یانەکەی لە گەڕانەوەی گرینوودی بۆ تیپەکە ئاگادارکردۆتەوە و تەنانەت پلانی هەبووە ڤیدیۆیەکی فەرمی لەو بارەیەوە تۆمار بکات، بەڵام ئەمە بە هیچ هۆکارێک ڕووی نەدا.
لە بەرامبەر ئەم دەنگۆیانە یانەی مانچستەر یونایتد بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تا ئێستا هیچ بڕیارێک سەبارەت بە گرینوود نەدراوە و پێداچوونەوە بە بارودۆخەکەی لە قۆناغی کۆتاییدایە.
دوای ئەوەی لە مانگی شوباتی 2023 هەموو تۆمەتەکانی سەر مەیسۆن گرینوود پاککرانەوە، یانەی مانچستەر یونایتد لێکۆڵینەوەی تەواوی لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ماسۆن گرینوود کراوە ئەنجامداوە. لێکۆڵینەوەکانمان لەسەر بەڵگە و زەمینەی بەرفراوان دامەزراوە کە ناتوانین ئاشکرای بکەین. ئێمە بانگەشەی زۆر کەسمان بیستووە کە ڕاستەوخۆ دەستیان لەم دۆسیەیەدا هەبووە یان بە هەر شێوەیەک زانیارییان لەسەرە. لە کاتی لێکۆڵینەوەکەدا، پاراستنی پێگە و خۆشگوزەرانی قوربانییەکە لە هەموو شتێک گرنگتر بوو بۆ ئێمە، ئێمەش ڕێز لە مافی ئەو کەسە دەگرین کە ناوی نەهێنرێت. هەروەها بەرپرسیارێتیمان هەیە بەرامبەر مەیسۆن وەک کارمەندێکی یانەکە، کە لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە لەگەڵمان بووە و بەم دواییە بووەتە باوک.