لامین یامال گرێبەستەکەی نوێ دەکاتەوە
یاریگا –
لامین یامالی تەمەن 15 ساڵە کە ناسناوی منداڵە بلیمەتەکەیان لێناوە، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا تەنها یەک ساڵی ماوە، بەڵام بەڕێوبەرانی بارسێلۆنا دەیانەوێت بۆ ماوەی 5 ساڵ گرێبەستەکەی لەگەڵ نوێ بکەنەوە.
لامین یامال توانی چەند خولەکێک لە یارییەکەی بارسێلۆنا بەرامبەر ریال بیتیس یاری بکات و بووە بچووکترین یاریزانی مێژووی بارسێلۆنا لە لالیگا.
ئەم ئەستێرە لەدایکبووە مەغریبیە، کە چاوەڕوان دەکرێت داهاتوویەکی گەشی هەبێت،قوتابی ئەکادیمیای لاماسیایە، دوای چەند رۆژێک، لە خولەکی 66ی یارییەکەی بارسێلۆنا ئەتلەتیک بەرامبەر یانەی دێنس لە خولی پلە سێی ئیسپانیا هاتە ناو یاریگا و بووە گەنجترین یاریزان لە مێژووی تیپی دووەمی بارسێلۆنا.
لە بارسێلۆنا هیوایەکی زۆریان بە درەوشاوەیی یەمال هەیە لە وەرزی داهاتوو و لە ساڵانی داهاتوودا، بەڵام کێشەکە ئەوەیە گرێبەستەکەی تەنها تا مانگی حوزەیرانی 2024 بەردەوامە، لە مانگی یەکەوە دەتوانێت وەک یاریزانێکی ئازاد گفتوگۆ لەگەڵ یانەکانی دیکە بکات.
بارسێلۆنا لە ئێستاوە مێژووی لەدەستدانی ئەستێرەکانی هەیە و بەگوێرەی رۆژنامەی مۆندۆدیپۆرتیڤۆ، لەبەر ئەم هۆکارە یانەکە بەنیازە ئۆفەرێکی 5 ساڵە پێشکەش بە یەمال بکات تاوەکوو ساڵی2029.
درەوشاوەیی یەمال تەنها لە بارسێلۆنا سنوردار نییە. ئەم هێرشبەرە گەنجە لەلایەن یولێن گێرێرۆ راهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی ئیسپانیاوە بانگهێشت کرابوو بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی خوار 17 ساڵان و ئاستێکی زۆر باشی پێشکەش کرد.