یاساکانی لالیگا دەگۆڕدرێن و لەبەرژەوەندی بارسێلۆنایە
یاریگا
بەپێی بڕیارە نوێیەکەی لالیگا، یانەکانی ئیسپانیا دەتوانن 50-60%ی داهاتەکانیان بۆ کڕینی یاریزان خەرج بکەن. ساڵی ڕابردوو ئەم بڕە پارەیە تەنها 25% بووە، لەم دواییانەشدا دەنگ درا کە 40%ی داهاتەکەی بۆ کڕینی یاریزان خەرج بکرێت.
رۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانی بڵاویکردەوە، بەم شێوەیە یانەى بارسێلۆنا کە موچەیەکى زۆر دەدات بە یاریزانەکانی و دەبێت 10 ملیۆن یۆرۆ لە کۆى موچە کەمبکاتەوە و زیاتر لە یەک ملیار و 300 ملیۆن یۆرۆش قەرزدارە بۆیە یاسای دارایی خاوێنی لالیگا رێگەی نەدەدا ئەو یانەیە وا بە ئاسانی یاریزانی نوێ بگوازێتەوە ریزەکانی، بەڵام ئەو یانەیە لەمەودوا دەستى کراوەتر دەبێت لە گواستنەوەکاندا. ئەم داهاتە دەتوانێت لە فرۆشتنی یاریزانەکانەوە بێت و لە ڕێگەی کەمکردنەوەی موچە و ڕاکێشانی سپۆنسەرەکانەوە بێت.
واتە ئەگەر داهاتی ئەو یاریزانەی یانەکەی جێدێڵێت زیاتر بێت لە 5%ی بەهای یاریزانانی یانەکە، ئەوا دەکرێت تا 60%ی داهاتی گواستنەوەکە خەرج بکرێت بۆ گواستنەوەی یاریزانێکی نوێ، ئەمەش دەبێتە هەواڵێکی نایاب بۆ یانەیەکی وەک بارسێلۆنا.
وەرزی ڕابردوو یانە کەتەلۆنیەکە بەهۆی یاسای دارایی خاوێن ناچار بوو چوار ئەهرەمی دارایی بە یاسای 25% چالاک بکات بۆ کڕینی یاریزانی نوێ، بەڵام ئێستا بە هاوکاری لالیگا چیتر پێویستیان بە چالاککردنی ئەهرەمی دارایی نابێت.
بارسا لە چەند مانگی ڕابردوودا بە ڕۆیشتنی هەریەکە لە پیکێ و گریزمان و بوسکێتس و جۆردی ئەلبا، مووچەی خۆی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکردۆتەوە، پێشبینیش دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا لەگەڵ لێنگلێت و ئومتیتی خۆی یەکلایی بکاتەوە.