راپۆرتی تایبەتگرنگترین

مێسی یان هالاند باڵۆن دۆر دەباتەوە؟

Yariga App

یاریگا –

کێبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆر گەرمە، دوای تەواوبوونی وەرزی 2022-2023، ئێستا هەموو شتێک روونە و پرسیارە گەورەکەش ئەوەیە، کێ خەڵاتەکە بەدەستدەهێنێت.

چەندین ئەستێرەی دیاری وەرزی رابردوو، خۆیان بۆ لیستەکە ئامادەکردووە، بەشێکیان بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە ئامادەن، ئەمەش دوای بەسەربردنی 11 مانگی پڕ لە ماندووبوون و دەستکەوت. ئەوان چاویان لە بردنەوەی ئەو خەڵاتەیە کە کەریم بێنزێما لە ساڵی رابردوو بەدەستهێنا.

ململانێی نێوان لیۆنێل مێسی و ئێرلینگ هالاند و کیلیان ئێمباپێ بەهێزە، بەڵام جامی جیهانی قسەی گەورەی نێو ململانێیەکەیە، چونکە دەستکەوتێکی گەورەیە و هەمووان چاوەڕێن لە مانگی ئابی داهاتوو، دەنگدان دەست پێبکات. بەڵام بردنەوەی نازناوەکانی ئەوروپاش هالاند لە خەڵاتەکە نزیک دەکاتەوە.

لەم بابەتەدا، تۆڕی وەرزشی یاریگا پلەبەندی بۆ 10 باشترین یاریزانی شیاو بۆ بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر دەکات.

جولیان ئالڤارێز
جولیان ئالڤارێز لە کاتی بەرزکردنەوەی نازناوی جامی FA

10. جولیان ئالڤارێز – مانچێستەر سیتی

دەستکەوتەکان لە 2022-23: 23 گۆڵ، شەش ئەسیست، جامی جیهانی، چامپیۆنزلیگ، پرێمەرلیگ و جامی FA

تەنیا شەش یاریزانی پرێمەرلیگ گۆڵی زیاتریان لە جولیان ئالڤارێز لە تەواوی پاڵەوانیەتییەکان کردووە، بۆیە شایەنی ئەوەیە ناوی لە لیستی پاڵێوراوانی خەڵاتە بێت.

ئێستا ئالڤارێز بە یەکێک لە باشترین هێرشبەرانی نێو بۆکس دادەنرێت و لە وەرزی رابردوودا، ئاستێکی زۆر باشی پێشکەش کرد.

رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لەگەڵ بارسێلۆنا

9. رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی – بارسێلۆنا

دەستکەوتەکان لە 2022-23: 36 گۆڵ، 11 ئەسیست، لالیگا و سوپەری ئیسپانیا

ئەستەمە لیڤاندۆڤسکی دەستی بە باڵۆن دۆری ئەمساڵ بگات، بەڵام هەرچۆنێک بێت، لە یەکەم وەرزیدا توانی لالیگا لەگەڵ بارسێلۆنا بەدەستبهێنێت و یارمەتی بدات، جارێکی دیکە بیگەڕێنێتەوە سەر رێچکەی بردنەوەی نازناوەکان.

لیڤاندۆڤسکی ئەمساڵ تەمەنی دەبێتە 35، بەڵام هەر بە بژاردەی یەکەمی چاڤی هێرناندێز ماوەتەوە.

ڤیکتۆر ئۆسیمین
ڤیکتۆر ئۆسیمین لە دوا یاری ناپۆلی لە وەرزی 2022-23

8. ڤیکتۆر ئۆسیمین – ناپۆلی

دەستکەوتەکان لە 2022-23: 33 گۆڵ، پێنج ئەسیست، سێریا ئەی

هاندەرانی ناپۆلی هەرگیز هەرگیز ئەستێرە نایجێرییەکە لە یاد ناکەن، چۆن لە یادی بکەن، لە دوای 33 ساڵ، یارمەتی ناپۆلییەکانی دا نازناوی سێریا ئەی بەدەستبهێنێت. ئۆسیمین لە کۆی وەرزەکە 33 گۆڵی لە تەواوی پاڵەوانیەتییەکاندا کرد.

ئاست بەرزی ئۆسیمین وایکردووە، لە یانە گەورەکانی ئەوروپا داوا بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا مانەوەی خۆی لە نەیپڵس نەگۆڕیوەتەوە بە هیچ یانەیەک.

ئیلکای گوندۆگان
ئیلکای گوندۆگان لە ساتی ئاهەنگگێڕان بە گۆڵی بردنەوەی جامی FA بەرامبەر مانچێستەر یونایتد

7. ئیلکای گوندۆگان – مانچێستەر سیتی

دەستکەوتەکان لە 2022-23: 13 گۆڵ، حەوت ئەسیست، چامپیۆنزلیگ، پرێمەرلیگ و جامی FA

یەکێک لە خاڵە ئەرێنییەکانی بارسێلۆنا لە مێرکاتۆی هاوینەی یاریزاناندا، بەدەستهێنانی واژۆی ئیلکای گوندۆگانە. ئەستێرە ئەڵمانییەکە خۆی وەک یەکێک لە باشترین یاریسازانی جیهان پیشان دەدات و توانی لەگەڵ مان سیتی خۆی بسەلمێنێت.

ئیلکای رۆڵی سەرەکی لە بردنەوەی نازناوەکانی مان سیتیدا هەبوو، بە تایبەت لە دوا یارییەکانی پرێمەرلیگدا، توانی گۆڵ لە ئێڤەرتن و لیدز یونایتد بکات و سیتی بکاتەوە پاڵەوانی پرێمەرلیگ. لە یاری کۆتایی جامی یەکێتیی ئینگلتەراش، دوو گۆڵی لە مانچێستەر یونایتد کرد.

رۆدری
رۆدری لە دوای تۆمارکردنی گۆڵ لە بایرن میونشن

6. رۆدری – مانچێستەر سیتی

دەستکەوتەکان لە 2022-23: چوار گۆڵ، حەوت ئەسیست، چامپیۆنزلیگ، پرێمەرلیگ و جامی FA

ئێستا بە یەکێک لە باشترین یاریزانانی هێڵی ناوەڕاست لە جیهاندا دادەنرێت، ئەگەر باشترینەکەش نەبێت. ئێستا رۆدری بووەتە کۆڵەکەی سەرەکی مانچێستەر سیتی لە وەرزی رابردوودا، خۆی وەک یاریزانێکی یەکلاکەرەوە پیشاندا.

لە وەرزی رابردوودا، رۆدری بەشداری لە 52 یاریدا کرد و لە هەموو گرنگتر، گۆڵی بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگی لە یاری کۆتایی بەرامبەر ئینتەر میلان کرد.

کێڤن دی برۆین
کێڤن دی برۆین لە دوای تۆمارکردنی گۆڵی یەکسانبوون بەرامبەر ریال مەدرید لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ

5. کێڤن دی برۆین – مانچێستەر سیتی

دەستکەوتەکان لە 2022-23: 10 گۆڵ، 32 ئەسیست، چامپیۆنزلیگ، پرێمەرلیگ و جامی FA

کێڤن 32 ئەسیست کردووە، بەڵێ سی و دوو ئەسیست ! 32 گۆڵی دروستکردووە، ئەم ژمارەیە پێمان دەڵێت، ئەستێرە بەلجیکییەکە یەکێکە لە باشترین یاریزانانی دەیەی رابردوو.

دی برۆین رۆڵێکی باڵای لە پێکهاتەی پێپ گواردیۆلا گێڕاوە، هەرچەندە لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگدا، بە هۆی پێکان یاریگای جێهێشت، بەڵام بردنەوەی نازناوەکە خەونی لە مێژینەی دی برۆین و لە کۆتاییدا هاتە دی.

ڤینیسیۆس جونیۆر
ڤینیسیۆس جونیۆر لە دوای تۆمارکردنی گۆڵێکی سەرنجڕاکێش لە بەرامبەر مانچێستەر سیتی

4. ڤینیسیۆس جونیۆر – ریال مەدرید

دەستکەوتەکان لە 2022-23: 25 گۆڵ، 26 ئەسیست، جامی شای ئیسپانیا، مۆندیالی یانەکان و جامی سوپەری ئەوروپا

ڤینیسیۆس وەرزێکی زۆر باشی لەڕووی دەستکەوتەوە بەڕێکردووە، هەرچەندە رەفتارە رەگەزپەرستییەکان، ئەستێرە بەرازیلییەکەی هەراسان کردبوو، بەڵام توانی لە کۆتاییدا وەرزێکی باش لەسەر ئاستی کەسی بەڕێبکات.

دوورکەوتنەوە لە چامپیۆنزلیگ، وایکردووە شانسی بەدەستهێنانی باڵۆن دۆری کەم ببێتەوە، بەڵام ئەستێرە بەرازیلییەکە، داهاتووی لە پێشە و دەتوانێت رۆژێک لە رۆژان ببێتە باشترینی جیهان.

کیلیان ئێمباپێ
ئاهەنگگێڕانە ناوازەکەی کیلیان ئێمباپێ

3. کیلیان ئێمباپێ – پاریس سانجێرمان

دەستکەوتەکان لە 2022-23: 55 گۆڵ، 14 ئەسیست و نازناوی لیگ وەن

ئێمباپێ یەکێکە لە باشترین یاریزانانی جیهان، لە وەرزی رابردوودا زۆری کردووە و شایەنی بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆرە. کیلیان زیاتر لە 50 گۆڵی بۆ پاریس سانجێرمان و هەڵبژاردەی فەرەنسا کردووە و نازناوی لیگ وەنی بەدەستهێنا، هەروەها پێڵاوی زێڕینی مۆندیالی بردەوە، وەک باشترین گۆڵکار.

ئێمباپێ سێ گۆڵی لە یاری کۆتایی مۆندیالدا کرد، بەڵام لە چامپیۆنزلیگ دوورخرایەوە، بۆیە شانسی بردنەوەی باڵۆن دۆری کەمە، بەراورد بە رکابەرانی.

ئێرلینگ هالاند
ئێرلینگ هالاند لەگەڵ مێدالیای پرێمەرلیگ 2022-23

2. ئێرلینگ هالاند – مانچێستەر سیتی

دەستکەوتەکان لە 2022-23: 56 گۆڵ، 9 ئەسیست، چامپیۆنزلیگ، پرێمەرلیگ و جامی FA

هالاند یەک کۆمەڵە ریکۆردی لە یەکەم وەرزیدا لە مانچێستەر سیتی شکاند، توانی ببێتە گۆڵکاری پرێمەرلیگ، تەنیا گۆڵکار نا، بەڵکو ژمارەی مێژووی زۆرترین گۆڵی لە یەک وەرزی پرێمەرلیگدا شکاند.

هەرچەندە تەنیا یەک گۆڵی لە دوا هەشت یاری مانچێستەر سیتیدا کرد، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، هالاند لە کێبڕکێ دووربخرێتەوە، بەڵکو کێبڕکێیەکەی زۆر توندە لەگەڵ راکابەرانی و شانسی بردنەوەی خەڵاتەکەشی هەیە.

لیۆنێل مێسی
لیۆنێل مێسی لەگەڵ نازناوی جامی جیهانی لە یاریگای لوسەیل، دۆحە

1. لیۆنێل مێسی – ئینتەر مەیامی

دەستکەوتەکان لە 2022-23: 39 گۆڵ، 25 ئەسیست، جامی جیهانی، لیگ وەن و جامی فەرەنسا

مێسی زۆر نزیکە لە بەدەستهێنانی هەشتەم خەڵاتی باڵۆن دۆر، چۆن نەیباتەوە، کاتێک بە بەهاترین نازناو کە نازناوی مۆندیالە بەدەستبهێنێت، جیا لەمەش ببێتە پاڵەوانی خولی فەرەنسا و جامی فەرەنسا.

مێسی یەکێکە لە باشترینەکانی مێژووی تۆپی پێ، لە وەرزی رابردووشدا هەموو کارێکی کردووە، بۆ ئەوەی بەس بن بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆر، بەڵام ئایا هالاند و ئێمباپێ دەتوانن ببنە مەترسی بۆ سەر حەزە گەورەکانی مێسی، یاخود خۆی دووبارە لەسەر عەرشی تۆپی پێ دەبینێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button