ئه‌مریکاگرنگترین

لیۆ مێسی گڕ لە نرخی بلیتی یارییەکانی ئینتەر مەیامی بەردەدات

Yariga App

یاریگا –

لیۆنێل مێسی گڕی لە بازاڕی بلیتی یارییەکانی ئینتەر مەیامی بەرداوە.

بڕیارە ئینتەر مەیامی یەکەم یاری کە لیۆنێل مێسی تێیدا بەشداربێت، لە 21 یاری مانگی داهاتوو لە یاریگای لوکهارت بەرامبەر کروز ئازولی مەکسیکی بکات.

لە کاتی راگەیاندنی نرخی بلیتی یارییەکە تەنیا 40 دۆلار بوو، بەڵام لە چەند کاتژمێرێکدا، نرخەکانی بە شێوەیەکی سەیر بەرزبوونەوە.

ئینتەر مەیامی لە دوا پلەی ریزبەندی خولی ئەمریکیدا دێت و زیانی دارایی زۆری کردووە.

بەڵام لەوەتەی یەکلایی بوونەوەی گواستنەوەی لیۆنێل مێسی بۆ ئینتەر مەیامی، شارەکە چاوەڕێی گۆڕانکاری گەورەی وەرزشی دەکات و نرخی بلیتی یارییەکانی وەرزی داهاتووش، بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە.

دوای چەند خولەکێک لە بە فەرمی راگەیاندنی هەواڵی گواستنەوەی مێسی بۆ ئینتەر مەیامی، نرخی بلیتی یارییە دۆستانییەکەی ئینتەر مەیامی و کروز ئازول لە 40 دۆلارەوە بۆ 500 دۆلار بەرزبووەوە. ئێستا لە بازاڕی رەشدا بلیتی یارییەکە لە هەزار دۆلار دەستپێدەکات و هەندێ کورسی تایبەت دەگاتە 100 هەزار دۆلار، واتە 10 دەفتەر دۆلار.

یاریگای لوکهارت دەکەوێت ناوچەی لاودێردالی و 50 کیلۆمەتر لە مەیامی دوورە و شوێنی 19 هەزار هاندەر دەگرێتەوە.

گواستنەوەی مێسی گۆڕانکاری گەورەی بەسەر نرخی بلیتی یارییەکانی ئینتەر مەیامی کردووە، بۆ نموونە بلیتی یاری نێوان لۆس ئانجلێس و ئینتەر مەیامی کە بڕیارە لە 3ی ئەیلوولی داهاتوو لە یاریگای کالیفۆرنیا بانک بکرێت، دەگاتە 400 دۆلار.

لیۆ مێسی تەمەن 35 ساڵان گرێبەستێک بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو بە بڕی 60 ملیۆن دۆلار وەک مووچەی ساڵانە لەگەڵ ئینتەر مەیامی دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button