یاریگا –
لۆكا مۆدریچ، ئەستێرەی هەڵبژاردەی كرواتیا و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بڕیاری داهاتووی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەكەی داوە لە دوای دۆڕاندنەكەیان بەرامبەر ئیسپانیا.
شەوی رابردوو لە یاری كۆتایی نەیشنزلیگدا هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و كرواتیا رووبەڕووی یەك بوونەوە و ماتادۆر بە لێدانی یەكلاكەرەوە یارییەكەی بردەوە، بۆ جاری یەكەم توانی نازناوی نەیشنزلیگ بەدەستبهێنێت.
سەرچاوەكان باسیان لەوە دەكرد لە دوای یاری كۆتایی نەیشنزلیگ مۆدریچ داهاتووی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەكەی ئاشكرا دەكات.
لە چاوپێكەوتنێكیدا لە دوای یارییەكە كە رۆژنامەی ماركا بڵاویكردووەتەوە مۆدریچ ووتی: بڕیارم لەسەر داهاتووی خۆم داوە، هەڵبژاردنەکە لە مێشکمدا زۆر روونە، بەڵام ئەمڕۆ هیچ شتێک ناڵێم و رایناگەیەنم.
🚨💣 Modrić: “I have decided my future with Croatia but I won’t say it today.” @marca pic.twitter.com/rhfsBg9YLa
— Madrid Xtra (@MadridXtra) June 18, 2023
مۆدریچ لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەی بەشداری لە 166 یاری كردووە و توانیویەتی 24 گۆڵ بكات.
گرێبەستەكەی لۆكیتا لەگەڵ ریال مەدرید لە هاوینی ئەمساڵدا بەسەردەچێت و چاوەڕوان دەكرێت یانە شاهانەكە گرێبەستەكەی بۆ ماوەی وەرزێكی دیكە نوێ بكاتەوە.
لە ماوەی رابردوودا جیانلوكا دی ماریزۆ رایگەیاند لۆكا مۆدریچ ئۆفەرێكی یانەی هیلالی سعودی بۆ ماوەی سێ ساڵ و بە موچەی 200 ملیۆن یۆرۆ رەتكردووەتەوە.
وەرزی رابردوو لەگەڵ ریال مەدرید لۆكا مۆدریچ توانی نازناوی جامی سوپەری ئەوروپا و جامی جیهانی یانەكان و جامی شای ئیسپانیا بباتەوە.