بوتراگینۆ هاندەرانی ریال مەدرید دڵنیا دەكاتەوە
یاریگا –
ئیمیلیۆ بوتراگینۆ، بەڕێوەبەری پەیوەندییە دامەزراوەییەكانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی سەرەڕای رۆیشتنی بەشێك لە یاریزانانی یانەكە هاندەران دڵنیا دەكاتەوە كە وەرزی داهاتوو تیپێكی ركابەریان دەبێت.
لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا چوار یاریزان ریزەكانی یانە شاهانەكەیان بە جێهێشت ئەوانیش كەریم بێنزێما، ماركۆ ئاسینسیۆ، ماریانۆ دیاز و ئێدین هازارد بوون و هەروەها یاریزانی دیكەش هەیە كە پاڵێوراون بۆ جێهێشتنی یانەكە.
بوتراگینۆ لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی فەرمی ریال مەدرید ووتی: یانەكەمان لە ئێستاوە بە زۆرترین جۆش و خرۆشەوە دەست بە ئامادەكاریەكان دەكات بۆ وەرزی داهاتوو.
بەردەوام بوو ووتی: ئێمە دڵنیاین كە وەرزی داهاتوو تیپێكی ركابەریمان دەبێت كە كێبڕكێی بەدەستهێنانی سەرجەم نازناوەكان دەكات.
لە درێژەی قسەكانیدا ووتی: رۆژی ماڵئاوایی بوو لە چوار هێرشبەری یانەكەمان كە یارمەتیانداین لە قۆناخێكی ناوازەی یانەكەدا، هەموو شتێكیش لە جیهاندا كۆتاییەكی هەیە، بەڵام دەبێت سوپاسیان بكەین و سوپاسی تەواوی تیپەكە بكەین، چونكە هەموو شتێكیان بەخشی لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەكانمان.
لە كۆتایشدا ووتی: لەم وەرزەدا سێ نازناومان بەدەستهێناوە كە ئەوانەی لە یانەكە دەڕۆن لە هەموو شتێكدا یارمەتیدەرمان بوون.
ریال مەدرید بە كۆكردنەوەی 78 خاڵ لە ریزبەندی دووەمی خولی ئیسپانیا كۆتایی بەم وەرزە هێنا.