ئیتاڵیاگرنگترین

بالۆتێلی: جارێکیان مۆرینیۆ منی لە پاس دەرکرد

یاریگا –

ماریۆ بالۆتێلی، بۆ یەکەمجار رووداوێکی سەیری خۆی لەگەڵ خۆزێ مۆرینیۆ ئاشکرا دەکات.

سوپەر ماریۆ، بەردەوام سەرنجی میدیاکانی بۆ خۆی رادەکێشا و بە نانەوەی کێشە بەناوبانگ بوو، کاروانی وەرزشی ماریۆ پڕە لە رووداوی سەیر و کێشە. مۆرینیۆ یەکێکە لەو راهێنەرانەی چەندین جار لەگەڵ ماریۆ کێشەی بۆ دروست بووە، ئەوکاتەی بە یەکەوە لە ئینتەر میلان بوون.

بالۆتێلی لە پۆدکاستێکدا لەگەڵ موسچیۆ سێلڤاجیۆ، چەندین نهێنی درکاند، کە یەکەمجارە ئاشکرایان دەکات. بالۆتێلی لەبارەی کێشەکەی لەگەڵ مۆرینیۆ گوتی

مۆرینیۆ کەسێکی ئاسان نییە بۆ مامەڵەکردن، هاوشێوەی خۆم. جارێکیان بە پاس دەچووینە فڕۆکەخانە، یاریمان لەگەڵ کاتانیا هەبوو، لە نێو پاسدا بووە دەنگەدەنگم لەگەڵ مۆرینیۆ. کەمێک لە فڕۆکەخانە نزیکبووینەوە، مۆرینیۆ داوای وەستاندنی پاسەکەی کرد و منی لە پاس هێنایە خوارەوە، بۆیە ناچاربووم بە ئۆتۆمبێل بگەڕێمەوە ماڵەوە.

ماریۆ بالۆتێلی
ماریۆ بالۆتێلی لە مانچێستەر سیتی

بالۆتێلی بە بەرزکردنەوەی دروشمی ‘Why always me’ بەناوبانگە، کاتێک لە مانچێستەر سیتی بوو، بەردەوام ئەو دروشمەی بەرز دەکردەوە، لەبارەی ئەو رووداوانەی بەسەری هاتوون، بالۆتێلی دەڵێت

دەزانم هەڵەم کردووە، بەڵام ئەمەش راستە کە بەردەوام فۆکەس لەسەر من بووە. پێم وایە هۆکاری سەرەکی بۆ رەشپێستی من دەگەڕێتەوە، چونکە یەکەم یاریزانی رەشپێست بووم لە هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، خەڵک بەردەوام باسی هەڵسوکەوتی منی لە دەرەوەی یاریگا دەکرد، هەرچەندە هاوپیشەکانم هەمان کاریان دەکرد، بەڵام بەردەوام سەرنجەکە لەسەر من بوو.

ئێستا تەمەنی بالۆتێلی 32 ساڵە و یاری بۆ یانەی سیۆنی سویسری دەکات و دەیەوێت بۆ وەرزی داهاتوو بگەڕێتەوە خولی سێریا ئەی.

بابەتی زیاتر

Back to top button