ئیسپانیاڤیدیۆ هەواڵگرنگترینوه‌رزشه‌کانی دیکە

ئەو کەسە کێیە کە بەر لە یاری کلاسیکۆ بینیمان؟

یاریگا –

ئەو کەسەی بەر لە یاری کلاسیکۆ دەرکەوت خاوەن ریکۆردێکی مێژووییە.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە قۆناخی پێش کۆتایی جامی شای ئیسپانیا هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریال مەدرید لە یاریگای کامپ نو رووبەڕووی یەکتربوونەوە، پێش یارییەکە بارسا کارێکی مرۆڤدۆستانەی سەرنجڕاکێشی ئەنجامدا و سەلماندی زیاترە لە یانەیەک.

ئەلێکس رۆکا گەنجێکی ئیسپانییە، کە تووشی ئیفلیجی مێشک بووە، تەنیا بە زمانی ئاماژە دەتوانێت بدوێت، سەرەڕای ئەوەش خۆی بەدەستەوە نەداوە و توانوییەتی زاڵبێت بەسەر ناڕەحەتییەکانی ژیانی و لە مساڵدا لە رووداوێکی دەگمەندا مێژووی تۆمارکرد.

رۆکا بوو بە یەکەمین مرۆڤ لە مێژوودا، کە بەڕێژەی 76% خاوەن پێداویستی تایبەت بێت و بتوانێت ماراسۆنێکی وەرزشی کۆتایی پێبێنێت، ئەمەش پاش ئەوەی لە بەرواری 19ـی مانگی ئازاری ئەمساڵ بەشداری لە ماراسۆنێک کرد، کە ماوەکەی 42.195 کیلۆمەتر بوو.

ئەکێکس توانی پێشبڕکێییەکە بە 5 کاتژمێر و 50 خولەک و 31 چرکە تەواو بکات، لە ساتی نزیکبوونەوە لە کۆتایی ماراسۆنەکەش لەلایەن خەڵکییەوە بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش هانی دەدرێت، کە ئەو دیمەنەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە و تا ئێستا نزیکەی 12 ملیۆن بینەری هەبووە.

ئەم کۆڵنەدان و هیوابەرزەی رۆکای تەمەن 32 ساڵان بووە هۆکاری ئەوەی لە مەزنترین یاری تۆپی پێ لەسەر ئاستی یانەکان رێزی لێبگیرێت و خۆشەویستی و پاڵپشتی تەواوی بۆ دەرببڕێت.

ئەم هەڵوێستەی یانەی بارسێلۆنا بەرامبەر بەو وەرزشکارە لەسەر ئاستی تەواوی جیهان کاردانەوەی ئەرێنی بەدەوای خۆیدا هێنا، یانە کەتەلۆنییەکەش بەوە وەسف دەکەن کە زیاترە لە یانەیەکی وەرزشی.

لەلای خۆیەوە ئەلێکس لە بارەی ئەو هەڵوێستەی یانەی بارسێلۆنا لە تویتەر نوسیویەتی:

ئەمە لە خەونێک زیاترە، باوەڕپێنەکراوە، ئەوەندە دڵخۆشم ناتوانم بە وشە وەسفی ئەو هەستە بکەم کە هەمە، سوپاس بۆ ئەوەی متمانەتان پێمە، سوپاس بۆ ئەوەی دڵخۆشتان کردم، سوپاس بۆ بارسا کە زیاترە لە یانەیەک

بابەتی زیاتر

Back to top button