ئیسپانیاگرنگترین

چوار یاریزانی بارسێلۆنا و ریال مەدرید بۆ كۆتا جار بەشداری كلاسیكۆ دەكەن

یاریگا – 

تا ئێستا داهاتووی زۆرێك لە ئەستێرەكانی هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریال مەدرید دیار نیە لە كاتێكدا لە كۆتایی وەرزدا گرێبەستەكانیان لەگەڵ یانەكانیان بەسەردەچێت.

زۆربەی سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن ئەم وەرزە كۆتا وەرزە بۆ هەریەك لە یاریزانان تۆنی كرووس و لۆكا مۆدریچ لە ریال مەدرید و جۆردی ئەلبا و سێرجیۆ بۆسكێتس لە بارسێلۆنا.

وا بڕیارە ئەمشەو كاتژمێر 22:00بە كاتی كوردستان بارسێلۆنا لە یاریگای سپۆتیفای كامپ نۆوی تایبەت بە خۆی میوانداری ریال مەدرید بكات، لە میانی یاری گەڕانەوەی قۆناخی پێش كۆتایی جامی شای ئیسپانیا.

یاری چوون لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بارسێلۆنا توانی بە گۆڵێكی بێ وەڵام یارییەكە بباتەوە و گۆڵەكەش لەلایەن ئیدێر میلیتاو بە هەڵە لە خۆیان تۆمار كرا.

رۆژنامەی سپۆرت راپۆرتێكی لەسەر ئەو چوار یاریزانە بڵاوكردووەتەوە و تێیدا باس لەوە دەكات كە رەنگە ئەم كلاسیكۆ كۆتا كلاسیكۆی ئەو یاریزانانە بێت.

سێرجیۆ بۆسكێتس:

تا ئێستا داهاتووی یەکلایی نەبووەتەوە، یانە کەتەلۆنییەکە بە تایبەت چاڤی هێرناندێزی راهینەر دەیەوێت ئەو یاریزانە لانی کەم وەرزێکی دیکە لە یانەكە بمێنێتەوە، بەڵام یاریزانەکە پێی وایە كاتی لە یانەكەی کۆتایی هاتووە.

هەروەها ناوەڕاستكارە ئیسپانیەكە لە خولی ئەمریكی و لە خولی سعودیەوە گرنگی پێدەدرێت و دەیانەوێت لە گواستنەوەكانی هاوینی داهاتوودا بیگوازنەوە.

گرێبەستەكەی بۆسكێتس لەگەڵ بارسێلۆنا لە هاوینی ئەمساڵدا بەسەردەچێت.

سێرجیۆ بۆسكێتس

جۆردی ئەلبا:

گرێبەستەكەی لەگەڵ بارسێلۆنا لە هاوینی ساڵی 2024 بەسەردەچێت و یانە كەتەلۆنییەكە هیچ كێشەیەكی لە مانەوەی ئەو یاریزانەدا نیە بەڵام بە مەرجێك موچەكەی بە رێژەیەكی زۆر كەم بكاتەوە بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارای یانەكە.

لە كاتێكدا یاریزانە ئیسپانیەكە چارەنووسی خۆی بە داهاتووی لیۆنێل مێسی بەستووەتەوە و بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ رایگەیاند ئەگەر مێسی بگەڕێتەوە ئەوا گرێبەستەكەی نوێ دەكاتەوە.

جۆردی ئەلبا

لۆكا مۆدریچ و تۆنی كرووس:

گرێبەستی هەردوو ئەستێرەكەی ریال مەدرید لە هاوینی ئەمساڵدا بەسەردەچێت و تا ئێستاش گرێبەستەكەیان لەگەڵ یانە شاهانەكە نوێ نەكردووەتەوە.

مۆدریچ هەوڵی مانەوە دەدات و هەروەها كارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەریش دەیەوێت بمێنێتەوە سەرەڕای بوونی ئۆفەری گەورە لەلایەن یانەكانی خولی سعودیەوە.

بەڵام سیاسەتی هەمیشەیی فلۆرێنتێنۆ پێرێزی سەرۆكی ریال مەدریدم رەنگە رێگە لە نوێكردنەوەی گرێبەستی هەردوو یاریزان بگرێت و كلاسیكۆی ئەمڕۆ كۆتا كلاسیكۆیان بێت.

تۆنی كرووس و لوكا مۆدریچ

بابەتی زیاتر

Back to top button