یاریگا

بیێلسا دەگەرێتەوە لاکێشەی سەوز

یاریگا –

وا چاوەڕوان دەکرێت مارسێلۆ بیێلسای ئەرجەنتنی جارێکی دیکە وەک راهێنەر بگەڕێتەوە یاریگاکان.

ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، کە ئۆرەگوای لە گفتوگۆدایە لەگەڵ بیێلسا تا ناوبراو وەک راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە دەستبەکار بێت.

بەپێی رۆژنامە کەتەلۆنییەکە دوور نییە بیێلسا بە ئۆفەری هەڵبژاردەی ئۆرەگوای رازیبێت، گفتوگۆکانی نێوانیان بەرەو پێش چووە، تا ئێستا پێشهاتەکان ئەرێنین.

راهێنەرە تەمەن 67 ساڵییەکە لەم ئەرکەدا جێگەی دیێگۆ ئەڵۆنسۆ دەگرێتەوە، کە دوای مۆندیالی قەتەر و سەرنەکەوتنی هەڵبژاردەکە لە قۆناخی کۆمەڵەکان دەستی لە پۆستی راهێنەرایەتی ئۆرەگوای کێشایەوە.

گۆڵێکی هەڵبژاردەی کۆریای باشوور لە دواساتەکانی یارییەکەیان بەرامبەر بە هەڵبژاردەی پورتوگال بووە هۆی ئەوەی ئۆرەگوای هەرزوو ماڵئاوایی بکات.

کە ئەمەش بووە کۆتا جامی جیهانی بۆ هەریەکە لە ئەستێرەکانی هەڵبژاردەکە، لویس سوارێز، کاڤانی، گۆدین و موسلێرا.

دانوستانی چڕ و پڕ لە نێوان بیێلسا یەکێتی تۆپی پێی ئۆرەگوای کراوە. ئەگەر بگەنە رێککەوتنی کۆتای، ئەوا ئیل لۆکۆ سێیەم ئەزموونی خۆی لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی وڵاتەکان تاقی دەکاتەوە.

راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە لە رابردوودا  لە ساڵی 1998 تا 2004 راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کردووە، و لە ساڵی 2007 تا 2011 راهێنەری هەڵبژاردەی چیلی بووە.

ناوبراو لە مانگی 2ـی ساڵی 2022 لە ئەرکی راهێنەرایەتی کردنی یانەی لیدز یونایتدی ئینگلیزی دوورخرایەوە، ماوەی زیاتر لە ساڵێکە لە کاری راهێنەرایەتی دوورە و پێشبینی دەکرێت بەمزوانە کۆتایی بە پشووەکانی بهێنێت و بگەڕێتەوە سەر کارەکەی.

بابەتی زیاتر

Back to top button