بازاڕی گواستنه‌وه‌یاریگا

ریاڵ مەدرید مەترسی لەدەستدانی سیبایۆسی لەسەرە

یەکێک لە رکابەرە سەرەکییەکانی ریاڵ مەدرید لە لالیگا، سیبایۆسی دەوێت.

یاریگا-

بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی Football Espana یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی مەترسی ئەوەی لەسەرە، کە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی ئەم وەرزەی لەدەست بدات، سیبایۆس لەم هاوینە گرێبەستەکەی لەگەڵ مێرێنگی کۆتایی دێت، ئاتلەتیکۆ مەدریدیش دەیەوێت گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکات.

پێشنینی نەدەکرا یاریزانە تەمەن 26 ساڵانییەکەی ماتادۆر ببێتە یاریزانێکی گرنگ لەم وەرزەدا، بەڵام لە مانگی یەکەوە ئاستێکی سەرنجڕاکێشی پێشکەشکردووە، لە بەشێکی زۆربەی یارییەکان سەلماندوویەتی، کە لە هاوتیمەکانی خۆی باشترە لەو شوێنەی کە یاری تیادا دەکات.

بەڵام پاش چاکبوونەوەی چوامینی فەڕەنسی و بەرزبوونەوەی ئاست و توانای جەستەیی لوکا مۆدریچیش، دانی جارێکی دیکە پێگەی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکەی لەدەستدا و گەڕایەوە سەر کورسی یەدەگ.

سیبایۆس لەم هاوینەدا گرێبەستەکەی لەگەڵ ریاڵ مەدرید بەسەردەچێت، ویستی خۆیشی مانەوەیە لە ریزەکانی ریاڵ مەدرید، یانەکەیشی ئاگادارە کە بەشێک لە یانەکانی پرێمەرلیگ و لالیگایش چاویان لەسەرییەتی و دەیانەوێت گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکەن.

هەروەها بەهۆی ئەوەی تا ئێستا ریاڵ مەدرید هیچ جوڵەیەکی نەبووە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، سیبایۆس لە ئێستادا گریمانەی ئەوە دەکات داهاتووی لەگەڵ ریاڵ نەبێت، ئاتلەتیکۆ مەدریدیش بەشێوەیەکی جدی لەسەر هێڵە و تا ئێستا دوو جار پەیوەندییان بە ناوبراوەوە کردووە، بەڵام وەڵامی سیبایۆس تا ئێستا نەرێنی بووە بۆ تیپەکەی سیمیۆنی.

بۆچوونەکان لەسەر ئەوە کۆکن ریاڵ مەدرید نایەوێت تا یەکلایی بوونەوەی چارەنووسی یانەکەی لە چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزە جوڵە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی سیبایۆس بکات، بەڵام رەنگە ئەمەش ببێتە هۆی لەدەستدانی ئەو ئەستێرەیەی تیپەکەی.

هەرچەندە سیبایۆس لە پێشینەیەتی کە لە یانەکەی ئێستای درێژە بە یاریکردن بدات، بەڵام ریاڵ مەدرید دڵنیایی ئەوەی پێنادات کە وەک یاریزانێکی گرنگی یانەکەی پشتی پێ ببەستێت، لە بەرامبەردا دراوسێکەی ریاڵ و تیپەکەی دیێگۆ سیمیۆنی ئامادەن وەک یاریزانێکی سەرەکی پشت بە دانی ببەستن و مووچەیەکی زیاتریشی لەوەی ریاڵ مەدریدی پێشکەش بکەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button