ئیسپانیاگرنگترینیاریگا

بارسێلۆنا 5 ڕێگەی لە بەردەستە بۆ شوێنگرەوەی کریستنسن لە کلاسیکۆدا

یاریگا –

پشووە نێودەوڵەتییەکان جارێکی دیکە گرفتی گەورەی بۆ یانەی بارسێلۆنا درووستکرد، پاش ئەوەی راگەیەندرا کەوا بەرگریکارەی یانەکە ئەندریاس کریستنسن بەهۆی پێکان بۆ ماوەی مانگێک لە یاریگاکان دووردەکەوێتەوە، کریس لە یاری هەڵبژاردەکەی بەرامبەر فینلەندا لە خولەکی 18 بەهۆی پێکان یاریگای جێهێشت، کە یارییەکە بە ئەنجامی 3 گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵیک لە بەرژەوەندی دانیمارک کۆتایی هات.

بەمەش بارسێلۆنا بۆ یاری گەڕانەوەی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر بە ریاڵ مەدرید لە تواناکانی بەرگریکارێکی کاریگەری بێبەش دەبێت، کە بارسا یاری یەکەمی لەناو یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ بەرامبەر بردبوویەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە ئێستادا ئاراوخۆش پێکانی هەیە و یانەکە هیوای وایە تا یاری کلاسیکۆ لە پێکانەکەی چاکبێتەوە.

بارسا بۆ پڕکردنەوەی شوێنی کریستنسن بژاردەی کەمی لە بەردەستە، ڕۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی دەڵێت بە ئەگەرێکی زۆر چاڤی بەرامبەر ریاڵ مەدرید یاری بە مارکۆس ئەڵۆنسۆ دەکات، کە ناوبراو لە کلاسیکۆدا ئاستێکی سەرسوڕهێنەری پێشکەشکردووە و چاڤیش لە رابردوودا لە دڵی بەرگری یاری بەو یاریزانە کردووە.

بژاردەی دووەمیش دانانی سێرجی ڕۆبێرتۆیە لە بەرگری لای ڕاست و بردنی کۆندییە بۆ دڵی بەرگری لەپاڵ ئاراوخۆدا، هەرچەندە لە کلاسیکۆکانی رابردوودا یاریکردنی رۆبێرتۆ بەرامبەر ڤینیسیۆس جونیەر بەباشی کۆتایی نەهاتووە و چاڤی زیاتر حەزدەکات ئاراوخۆ لە باڵی ڤینی یاری پێبکات.

بژاردەی سێیەم و سرووشتیترین بژاردە بۆ چاڤی یاری کردنە بە ئیریک گارسیا بەڵام چاڤی زۆر متمانەی بەم بەرگریکاری پێشووی مانچێستەر سیتی نییە، بە جۆرێک لە 9 یاری رابردوودا تەنیا 2 یاری بۆ بارسا کردووە.

بژاردەی چوارەمیش بریتییە لە یاریکردن بە یاریزانی لاوی مەغریبی چادی ریاز، کە یاری بۆ تیپی دووەمی بارسێلۆنا دەکات و لەگەڵ رافا مارکێزی راهینەری تیپەکە ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات، جیا لەوەش لەم پشووە نێودەوڵەتییانە بۆ یەکەمجار بانگهێشتی ریزی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کراوە، پێشتریش بۆ یەکەمجار لە مانگی یانزەی ساڵی رابردوو لە دوایین خولەکەکان یەکەم یاری بۆ بارسا کرد بەرامبەر بە یانەی ئۆساسۆنا.

بژاردەی پێنجەمیش یاری پێکردنی فرانکی دی یۆنگی هۆڵەندییە لە دڵی بەرگریدا، ناوەراستکارەکەی بارسا پێشتر لەم شوێنە بەباشی یاری کردووە بەڵام ئەمە دەبێتە گرفتێکی گەورە بۆ بارسا چوونکە ناوبراو چەکیکی بەهێزی یانەکەیە لە هێڵی ناوەرستدا و نەبوونی لەو هێڵە مەترسی بۆ سەر یانەکە درووست دەکات.

بەمشێوەیەش پێدەچێت باشترین بژاردە بۆ چاڤی لە کلاسیکۆدا یاریکردنی مارکۆس ئەڵۆنسۆ بێت لە دڵی بەرگریدا، بە تایبەت کە ناوبراو دەتوانێت بەباشی لە بەرگری باڵی چەپ و دڵی بەرگریش بەباشی یاری بکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button