ئینگلتەرا

مۆرینهۆ چوار یانە دەپاڵێوێت بۆ بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزی پریمەرلیگ

یاریگا- لە نوێترین کاریدا وەک شیکەرەوە لە کەناڵی سکای سپۆرتس بۆ یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی ئینگلیزیی، کە یەکەم دەرکەوتنی بوو، جۆزێ مۆرینهۆ چوار یانەی دیاری کرد بۆ بردنەوەی نازناوەکە.

وەڵامەکەی مۆرینهۆ وەک هەمیشە تەنز و گاڵتە و توانج بە قسەکانیەوە دیار بوو کاتێ لەو بارەی پاڵەوانی وەرزی نوێ پرسیاری لێ کرا، گوتی: “چوار یانە، مان سیتی، تۆتنهام، لیڤەرپووڵ و مان سیتی B, چونکە کاتێک تەماشای سەر کورسی یەدەکی سیتیم کرد، ئەو یاریزانانەم بینی کە لە پێکهاتەی سەرەکییدا نین، باوەڕم وایە کە تەنانەت تیپی یەدەکیشیان دەتوانن نازناوەکە ببەنەوە.”

سەبارەت بە یانەکەی پێشووتریشی، مانچستەر یونایتد، گوتی: “پێموایە مانچستەر کێبڕکێی چێڵسی و ئارسیناڵ دەکات بۆ پلەی چوارەم.”

لە یاری کردنەوەی پریمەرلیگدا، یانەکانی لیڤەرپووڵ و مان سیتی و تۆتنهام بە بردنەوەی گەورە دەستیان پێکرد. یاری لوتکەی ئەم هەفتەیەش ئۆڵدترافۆرد لە خۆی دەگرێت بە یاری نێوان مانچستەر یونایتد و چێڵسی.

بابەتی زیاتر

Back to top button