ئیسپانیا

یانەیەكی دیكە كێبڕكێی بەدەستهێنانی بۆسكێتس دەكات

یاریگا

یەكێك لە یانەكانی خولی سعودیە لەگەڵ یانەی نەسری هەمان وڵات كێبڕكێی بەدەستهێنانی سێرجیۆ بۆسكێتس كاپتنی یەكەمی بارسێلۆنا دەكەن بۆ ئەوەی لە هاوینی داهاتوودا بیگوازنەوە یانەكەیان.

گرێبەستەكەی بۆسكێتس لەگەڵ بارسێلۆنا لە هاوینی ئەمساڵدا بەسەردەچێت و دەتوانێت بەخۆڕایی پەیوەندی بە هەر یانەیەكەوە بكات كە بیەوێت.

بەپێی زانیاریەكانی رۆژنامەی ” سپۆرت ”ـی ئیسپانی یانەی هیلالی سعودی چوویە نێو كێبڕكێی بەدەستهێنانی سێرجیۆ بۆسكێتس و بۆ ئەو مەبەستەش ئۆفەرێكیان پێشكەشی بارسێلۆنا كردووە.

ئەمەش دوای ئەوە هات كە یانەی نەسر ئۆفەرێكیان پێشكەش كرد بۆ گواستنەوەی بۆسكێتس بۆ ماوەی دوو وەرز و بە موچەی ساڵانەی 18 ملیۆن یۆرۆ.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە هێشتا وردەكاری ئۆفەرەكەی هیلال بۆ ناوەڕاستكارە ئیسپانیەكە ئاشكرا نەكراوە بەڵام چاوەڕوان دەكرێت لە ئۆفەرەكەی یانەی نەسر زیاتر بێت.

رۆژنامە ئیسپانیەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە تا ئێستا بۆسكێتس بڕیاری خۆی نەداوە و بیر لەوە دەكاتەوە بۆ وەرزێكی دیكە لەگەڵ بارسێلۆنا بەردەوام بێت لەسەر داوای چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانە كەتەلۆنییەكە.

بابەتی زیاتر

Back to top button