ئیسپانیاگرنگترین

خێزانی ئالڤێز وردەکارییەکانی زیندانیکردنی کوڕەکەیان دەدرکێنن

یاریگا –

دانی ئالڤێز هەفتەی یەکەمی لە گرتوخانەی بارسێلۆنا بەسەر برد، بەبێ ئەوەی رەزامەندی لەسەر ئازاد کردنی بە کەفالەت بدرێت.

یاریزانی پێشووی یانەکانی بارسێلۆنا و سیڤییا بەبڕیاری دادگایەکی بارسێلۆنا بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی 23 ساڵان لە شەوی 30ـی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو لە توالێتێکی یانەیەکی شەوانە بە ناوی “سوتۆن” دەستگیرکراوە.

رۆژی هەینی رابردوو دادوەر داوایەکی نووسینگەی داواکاری گشتی وەرگرت و دانی ئالڤێزی زیندانیکرد، هەرچەندە ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەرازیل، هەموو هەواڵێکی داوە کێشەکە بە پارە چارەسەر بکات.

رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، داوا لە دانی ئالڤێز کراوە جارێکی دیکە گوتەکانی وەربگرێت، ئەمەش دوای تۆمارکردنی سێ گوتەی جیاواز لە چەند رۆژی رابردوودا.

رادیۆی کادێنا سێر بڵاویکردووەتەوە، یاریزانی 39 ساڵ کە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی پوماسی مەکسیکی هەڵوەشێندرایەوە، ئەمڕۆ جارێکی دیکە گوتەکانی پێشكەش بە دادوەر دەکات.

یانەی شەوانەی سوتۆن - ئەو شوێنەی گوایە دانی ئالڤێز دەستدرێژی کردووەتەوە سەر کچێک
یانەی شەوانەی سوتۆن – ئەو شوێنەی گوایە دانی ئالڤێز دەستدرێژی کردووەتەوە سەر کچێک

لەلایەکی دیکەوە، خێزانی دانی ئالڤێز لە ئاستی پارێزەری کوڕەکەیان رازی نین و دەیانەوێت بیگۆڕن.

جونیۆر ئالڤێز، یەکێک لە براکانی ئالڤێزە بەشداری بەرنامەیەکی میدیایی لە بەرازیل کرد و گوتی: چیدیکە ناتوانین بەرگە بگرین، سنوورەکان بەزێندران، تەنانەت رێگەمان نادەن سەردانی بکەین، نازانین چی بکەین. ئەگەر پێویست بکات، ژیانی خۆمان پێشکەشی ئالڤێز دەکەین.

بەگوێرەی راپۆرتێکی TV3ـی ئیسپانیا، دانی ئالڤێز دانی بەوە ناوە شەوی 30ـی 12 لە یانە شەوانەکە بووە، بەڵام لەدوای بەسەربردنی کاتێکی کورت، شوێنەکەی جێهێشتووە و ئالڤێز تەواوی تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە، کە لەلایەن قوربانییەکە تۆمەتبار کراوە.

لە راپۆرتەکەی TV3ـدا هاتووە، ئالڤێز لە یەکەم گوتەیدا روونیکردەوە، نازانێت ئەو کچە کێیە کە باس لە دەستدرێژیکردنە سەری دەکرێت و لە جاری دووەمدا گوتەکانی گۆڕی و گوتی، کچەکەم بینیوە بەڵام هیچ شتێک رووینەداوە و لە گوتەی سێیەمیدا ئالڤێز قسەکانی گۆڕی و رایگەیاند، کچەکە خۆی هاوێشتووەتە سەر ئەو، هیچ دەستدرێژییەکیشم نەکردووە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button