ئینگلتەرابازاڕی گواستنه‌وه‌

جەمسەرەکانی لەندەن شەڕ لەسەر دێکلان رایس دەکەن

یاریگا –

یانەی ئارسیناڵ لە گواستنەوەی دێکلان رایس نزیکبووەتەوە.

میکێل ئارتێتا، راهێنەری یانەی ئارسیناڵ دەیەوێت لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ وەرزی داهاتوو بکات و دێکلان رایس، کاپتنی یانەی وێستهامی کردووەتە ئامانجی سەرەکیی گواستنەوەکانی هاوینەی داهاتوو.

رۆژنامەی گاردیان بڵاویکردووەتەوە، کێبڕکێیەکی توند لە نێوان ئارسیناڵ و چێڵسیدا هەیە، چونکە ئەگەرەکانی مانەوەی رایس لە وێستهام کەمبووەتەوە و ئەستێرەکەی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دەیەوێت لە چامپیۆنزلیگ یاری بکات.

دێکلان رایس لە ئەکادیمیای چێڵسی بوو و لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا، یانە لەندەنییەکە دەستبەرداری بوو، بەڵام لە ماوەی رابردوودا بەردەوام باس لە گەڕانەوەی رایس بۆ ستامفۆرد بریج دەکرێت.

هەرچۆنێک بێت، ئارتێتا هاندەرێکی سەرسەختی رایسە و ئامادەیە بوودجەیەکی گەورەی بۆ تەرخان بکات، هەرچەندە پێشبینی دەکرێت، یانەی مانچێستەر یونایتدیش بچێتە نێو کێبڕکێیەکەوە.

رۆژنامەی گاردیان نووسیویەتی، وێستهام ئامادەنییە بە کەمتر لە ١٠٠ ملیۆن پاوەند دەستبەرداری خزمەتەکانی رایس بێت، بەمەش دەبێتە گرانترین یاریزانی بەریتانی لە مێژوودا. گرێبەستی رایس لە هاوینی ساڵی ٢٠٢٤ بەسەردەچێت و لە بەندێکی گرێبەستەکەیدا باس لە درێژکردنەوەی بۆ ساڵێکی دیکەش کراوە، ئەمەش وادەکات، وێستهام زۆر بیر لە پارە نەکاتەوە و رەنگە لە دەوروبەری ٨٠ ملیۆن پاوەند دەستبەرداری کاپتنەکەی بێت.

ئارسیناڵ لەم وەرزەدا ئاستێکی سەرنجڕاکێش پێشکەش دەکات، رەنگە ئەمە ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی رایس گەنەرز لە نێو یانەکانی دیکەدا هەڵبژێرێت.

لە گواستنەوەی زستانەدا، ئارسیناڵ لیاندرۆ ترۆساردی لە برایتۆن گواستەوە و نزیکە لە گواستنەوەی جەیکوب کیویۆر لە یانەی سپێزیای ئیتاڵی.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button