عێراق

خولی نایابی عێڕاق بە بەشداری 19 یانە بەڕێوەدەچێت

یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق بڕیاریدا خولی نایابی عێڕاق بە بەشداری 19 یانە بەڕێوەبچێت، لە کۆبوونەوەیەی یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، بڕیاردرا خولی نایابی عێڕاق بۆ وەرزی 2022 _ 2023 بە بەشداری 19 یانە بەڕێوەبچێت.

ئەم بڕیارەی یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق ناڕەزایەتی بەشێک لە یانەکانی لێکەوتەوە تایبەت هەر دوو یانەی مینا و دیوانیە، یانەی مینا پرساڵ پلەی نۆزدەهەمی وەرگرتبو کە دابەزیبو بۆ خولی یانە پلە یەکەکانی عێڕاق بەڵام لە لایەن سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێڕاقەوە ( عەدنان درجال ) بەڵێنی مانەوەیان پێدرابوو، مینا ئامادەکاریەکی باشی کرد بۆ خولی نایاب کەچی بە فەرمی دوورخرایەوە و دەبەزێنرا بۆ خولی پلەیەک و لەگەڵ دەرچوونی ئەم بڕیارە ( باسم قاسم)ـی ڕاهێنەری یانەکە دەستی لە کار کێشایەوە، هەروەها سەرۆکی کاتی یانەی مینا عادل ناسڕ دەڵێت ( ئەو یەکێتی تۆپی پێی عێڕاقەی کە ئێستا هەیە لە سەر دەستی ئێمە کۆتاییان پێدێت)

هەر چەندە یانەی دیوانیە لە ڕیزی نایاب مانەوەی مسۆگەر کردبوو بەڵام ئەوانیش بە هۆی جێ بەجێ نەکردنی مەرجەکانی ( تەراخیس) لێژنەی جێبەجێکار بڕیاریدا یانەی دیوانیە لە خولی نایابی عێڕاق دووربخاتەوە، لە یەکەم کاردانەوەشدا ڕاهێنەری یانەکە سامرسەعید دەڵێت ( ئێمە بە مافی خۆمان لە ڕیزی نایاب ماینەوە، سکاڵا لە سەر یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق تۆمار دەکەین لە دادگای نێودەوڵەتی کاس کە دەبێ مافی یانەکە وەربگرینەوە و ئەم زوڵمە قبوڵ ناکەین ) هەروەها پەڕەی تایبەتی یانەکە نووسیویەتی ( خیانەتکارەکان خیانەتیان لە ئێمە کرد، بێ دەنگ نابین )

بڕیارە سبەی پێنجشەممە 6/10/2022 تیروپشکی خولی نایابی عێڕاق ڕابکێشرێت و ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو یارییەکانی دەستپێبکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button