یاریگا–
کارلۆ ئانچێلۆتی، راهێنەری ئیتاڵی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یاری سبەی بەرامبەر کادێز لە گەڕی هەژدەی لالیگا رەتیکردەوە داوای دواخستنی یارییەکەیان کردبێت.
راهێنەرەکەی شازادەکان لە پرێس کۆنفرانسەکەدا گووتی ” راستە ژمارەیەک لە یاریزانەکانمان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو و بەشداری یاری ئەم هەفتەیە ناکەن، بەڵام ئێمە بە هیچ شێوەیەک داوای دواخستنی یارییەکەمان نەکردووە، لەبەر ئەوەی یاریزانەکانی دیکە لە توانایاندا هەیە کە شوێنی یاریزانانی سەرەکی بەباشی بگرنەوە ”.
ئانچێلۆتی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە لوکا مۆدریچ ناوەڕاستکاری کڕواتی یانەکەی کرد و گوتی ” ئەو یاریزانە بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا چەند رۆژێک بەشداری راهێنانەکانی نەکرد، بۆیە بەشداری ئەم یارییە ناکات، هەروەها بێنزێما هیچ کێشەیەکی نیە و بەشداری یارییەکە دەکات ”.
ریال مەدرید سبەی یەک شەممە لە گەڕی هەژدەی لالیگا، کاتژمێر یازدەی شەو بەکاتی هەولێر رووبەرووی کادێز دەبێتەوە.