یاریگا-
كەریم بێنزیمای فەڕەنسی و هێرشبەری یانەی ڕیال مەدریدی ئیسپانی باس لە جۆری پێكانەكەی دەكات كە لە یاری یانەكەی بەرامبەر شاختار تووشی هات.
ڕیاڵ مەدرید لە یاریگای خۆیدا میوانداری شاختار دۆنیستكی ئۆكرانی كرد و توانی یاریەكەی بە دوو گۆڵی كەریم بێنزیما بەرامبەر گۆڵێك لێ بباتەوە ، لە میانەی یاریەكانی هەفتەی چوارەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا.
لە دوای یاریەكە كەریم ووتی: ئەوە تەنها لێدانێك بوو ، من باشم ، هەموو سێ ڕۆژ جارێك یاری دەكەین ، ئەوە سەختە ، سێ یاری ئاست بەرزمان ئەنجامدا.
سەبارەت بە فیكەی ناڕەزایی هاندەران هێرشبەرە فەڕەنسیەكە ووتی: شتێكی ئاساییە چونكە هاندەرانمان دەیانەوێت هەموو كات بە شێوەیەكی نایاب دەربكەوین ، ئەمڕۆ ڕكابەرەكەمان زۆر باش بوو ، بەڵام گرنگ سێ خاڵی یاریەكە بوو.
ڕیاڵ مەدرید بە كۆكردنەوەی 9 خاڵ لە پێشەنگی ڕیزبەندی كۆمەڵەكەی دێت و شاختاریش بە كۆكردنەوەی تەنها خاڵێك لە ڕیزبەندی چوارەم دێت.