سعودیە

تۆنی کرۆس بە کورتە پەیامێک وەڵامی فیکە و هووهای سعودیەکانی دایەوە

یاریگا –

تۆنی کرۆس بە بڵاوکردنەوەی پەیامێکی کورت وەڵامی فیکەی ناڕەزایی سعودیەکانی دایەوە کە شەوی ڕابردوو لە دژی ناوبراو ئەنجامیان دەدا.

لە میانی یارییە دراماتیکیەکەی ڕیاڵ مەدرید و ئەتڵەتیکۆ لە جامی سوپەری ئیسپانیا کە لە یاریگای ئەول پارک بەڕێوە چوو، کرۆس هەر لەگەڵ هاتنە ناوەوەی لە جێگەی لوکا مۆدریچ و بەکەوتنی قاچی بە تۆپ، لەلایەن هاندەرە سعودیەکانەوە فیکە و هووهای لێ دەکرا. ئەوەش بەهۆی ئەو لێدوانانەی ئەستێرە ئەڵمانییەکە لە هاوینی ڕابردوو کە ڕایگەیاندبوو هەر یاریزانێک ڕوو بکاتە خولی سعودیە لە پێناو پارەیە و، بەوەشەوە نەوەستا و تەنانەت ڕەخنەی لە مافی مرۆڤ لەو وڵاتەیش گرت.

دوای یارییەکە، ئەنچلۆتی ڕاهێنەر بێئاگایی لە هۆکاری ناڕەزایەتییەکان پیشان دا و ڕاشیگەیاند کە ڕەنگە خودی کرۆسیش تێنەگەشتبێت بۆ چی وای لە دژ کراوە.

لە ڕێگەی پەیامێکی کورتەوە، یاریسازەکەی مێرەنگی پێچەوانە ڕەفتاری کرد و نووسی “ڕۆژێکی پڕ چێژ بوو ئەمڕۆ. هاندەرانیش سەرنجڕاکێش بوون!”

شاهانەکان 5-3 سەکەوتن بەسەر کوڕانی دیگۆ سیمیۆنی و، لە یاریی کۆتایی چاوەڕێی براوەی ئەمشەوی نێوان بارسێلۆنا و ئۆساسۆنا دەکەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button