راپۆرتی تایبەت؛ بۆچی مۆندیالی 2026 بووەتە مۆندیالی راهێنەرە بیانییەکان؟
لە کۆی 48 وڵاتی بەشداربوو، 28ـیان راهێنەرەکەیان بیانییە

یاریگا –
تاوەکوو ئێستا لە مێژووی تۆپی پێدا هیچ هەڵبژاردەیەک نەبووەتە پاڵەوانی مۆندیال کە راهێنەرەکەی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتە لەدایکبووبێت.
سەرەڕای ئەم راستییە مێژووییە، مۆندیالی 2026 لە ئەمریکای باکوور شاهیدی گەورەترین ئامادەیی راهێنەرە بیانییەکانە لە مێژووی ئەم پاڵەوانێتییەدا؛ لە کۆی 48 وڵاتی بەشداربوو، 28 راهێنەر کە وەکوو بیانی پۆلێن دەکرێن [بە هەژمارکردنی دوو راهێنەرەکەی تونس] لەسەر کورسیی یەدەک دانیشتوون.
بە پێچەوانەی یاریزانانەوە، هیچ مەرجێک نییە کە پێویست بکات راهێنەر پەیوەندی خێزانی یان رەچەڵەکی بەو وڵاتەوە هەبێت کە نوێنەرایەتی دەکات، هەر بۆیە لەم هاوینەدا بینینی ئەڵمانییەک لەسەر کورسیی ئینگلتەرا، ئەرجەنتینییەک لە ئەمریکا و ئەمریکییەک لە کەنەدا، بووەتە شتێکی تەواو ئاسایی.
ئەم لیستە بەرفراوانە پڕە لە ناوی گەورە و تێیدا پێنج فەرەنسی، پێنج ئەرجەنتینی، سێ ئیسپانی، سێ ئیتالی [سەرباری سەرنەکەوتنی هەڵبژاردەی ئیتالیا بۆ مۆندیال] و دوو ئینگلیز، لەگەڵ 10 راهێنەری دیکە لە نەتەوە جیاوازەکان دەبینرێن.
زلهێزەکان لەژێر رکێفی راهێنەرە بیانییەکاندا
گونجان لەگەڵ کلتووری نوێ، کلیلی سەرکەوتنی ئەم راهێنەرانەیە، بەڵام هەر یەکەیان بە شێوازێکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکەن.
تۆماس تۆخێل – ئینگلتەرا
راهێنەرە ئەڵمانییەکەی پێشووی چێڵسی لە لەندەن دەژی و زۆربەی کاتەکانی لە ناوەندی راهێنانی سانت جۆرجس پارک بەسەر دەبات. تۆخێل رایگەیاندووە کە هەست بە پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ کلتووری وەرزشی ئینگلتەرا دەکات و ئەگەر تیپەکە بگاتە یاری کۆتایی، بیر لە گوتنی سروودی نیشتمانیی ئینگلتەرا دەکاتەوە.
ماوریسیۆ پۆچێتینۆ – ئەمریکا
راهێنەرە ئەرجەنتینییە 54 ساڵانەکە کلتووری نێو فیدراسیۆنی ئەمریکای گۆڕیوە و داوا دەکات لەسەر خاکی خۆیان چاویان لە بەرزکردنەوەی جامی مۆندیال بێت. دیمەنی راکردنی ئەو لە هێڵی لێدانی کۆتایی بۆ ئاهەنگگێڕان لە بردنەوەی 4-1 بەرامبەر پاراگوای، رۆحیەتی بەرزی نێو کەمپی ئەمریکای سەلماند.
جێسی مارش – کەنەدا
ئەم راهێنەرە ئەمریکییە رایگەیاندووە کە لە سەرەتای هاتنیدا ناچار بووە زۆر شت لەسەر واتای کەنەدیبوون فێربێت؛ ئەو دەڵێت ژینگەیەکی دروستکردووە کە جیاوازییەکان بکاتە خاڵی هێز و سەرسام بووە بەو خۆشەویستییەی لە نێوان یاریزانە کەنەدییەکاندا هەیە.
کارلۆ ئانچێلۆتی – بەرازیل
بێگومان گەورەترین و سەرنجڕاکێشترین دەستنیشانکردن، کارلۆ ئەنچیلۆتی تەمەن 67 ساڵە. ئەو یەکەم راهێنەری بیانییە لە مێژووی بەرازیلدا و ئامانجی ئەوەیە هاندەرانی سامبا بەرەو شەشەمین نازناوی مۆندیال ببات.
بازدانی ئاماری و کلتووری نوێی تۆپی پێ
سەیرکردنی ئامارەکان گۆڕانکارییەکی گەورە لە تێڕوانینی فیدراسیۆنەکان پێشاندەدات؛ لەم مۆندیالەدا رێژەی راهێنەرە بیانییەکان گەیشتووەتە لە %56ـی گشت هەڵبژاردەکان، ئەمەش زیادبوونێکی بەرچاوە بەراورد بە مۆندیالی 2022 کە تەنیا لە %28 بوو.
لە نێو ئەو وڵاتانەی پێشتر لە مۆندیالدا یارییان کردووە، تەنیا ئەڵمانیا، سکۆتلاند، کرواتیا، نەرویج و چیک هیچ کاتێک لە مێژوویاندا پشتیان بە راهێنەری بیانی نەبەستووە.
ئەم دیاردەیە تەنیا تایبەت نییە بە تیپە لاوازەکان، لە کاتێکدا سێ یەکەمەکەی ریزبەندی فیفا [ئەرجەنتین، فەرەنسا و ئیسپانیا] راهێنەری خۆجێییان هەیە، پێنج وڵات لە حەوتەکەی دوای ئەوان لە نێو 10 باشترینەکانی جیهان، لەلایەن بیانییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن: ئینگلتەرا [تۆخێل]، بەرازیل [ئانچێلۆتی]، پۆرتوگال [ۆبێرتۆ مارتینێزی ئیسپانی]، بەلجیکا [رودی گارسیای فەرەنسی] و مەغریب [محەمەد وەهبی کە لە بەلجیکا لەدایکبووە].
رۆبێرتۆ مارتینێز کە پێشتر لە بەلجیکا بە ئینگلیزی قسەی دەکرد، ئێستا بە تەواوی زمانی پورتوگالی فێربووە تاوەکوو لە مێژوو و کلتووری وڵاتەکە تێبگات. بۆ ئەو، لە تیپێکدا کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە چەقیدایە و گرێبەستەکەی بەرەو کۆتایی دەچێت، تەنیا سەرکەوتن قبووڵکراوە.
سەرکەوتنی مێژوویی بۆ هەڵبژاردە بچووکەکان
بۆ ئەو وڵاتانەی لە دەرەوەی نوخبەی تەقلیدی تۆپی پێدان، هێنانی راهێنەری بیانی زۆرجار ئەنجامی مێژوویی گەورەی هەبووە. پێش ئەم مۆندیالە، 38 تیمی جیاواز باشترین ئەنجامی مێژوویی خۆیان لە مۆندیالدا لەژێر سەرپەرشتی راهێنەرێکی بیانی بەدەستهێناوە.
فیلیپ ترۆسیێ و ژاپۆن – 2002
ئەم راهێنەرە فەرەنسییە لە چاوپێکەوتنێکدا باسی لەوە کرد کە چۆن کلتووری تۆپی پێی ژاپۆنی گۆڕیوە، شێوازی قسەکردنی فەرمی نێوان یاریزانانی شکاندووە و گەنجانی هانداوە کە چیدیکە رێزێکی لەڕادەبەدەر ترس پێشانی رکابەرەکانیان نەدەن. سەرەڕای رەخنە توندەکانی سەرەتا و چاودێری توندی میدیاکان، ئەو ژاپۆنی گەیاندە قۆناخی 16 و وەکوو پاڵەوانێک کشانەوەی خۆی راگەیاند.
گووس هیدینک و کۆریای باشوور – 2002
ئەم راهێنەرە هۆڵەندییە مێژووی نووسییەوە و کۆریای گەیاندە قۆناخی پێش کۆتایی. وەکوو پاداشتێک، بووە یەکەم بیانی کە مافی هاوڵاتیبوونی شانازیی کۆریای پێببەخشرێت، لەگەڵ وەرگرتنی ڤێلایەکی دیاری و گەشتی بێبەرامبەری هەمیشەیی لەسەر هێڵە ئاسمانییەکانی کۆریا.
فابیۆ کاناڤارۆ و کارلۆس کیرۆش
کاناڤارۆی ئیتالی و پاڵەوانی مۆندیالی 2006 سەرپەرشتی ئۆزبەکستانی کرد لە یەکەم مۆندیالیاندا، لە کاتێکدا کارلۆس کیرۆشی بەئەزموون لەگەڵ گانا جۆرێک لە رێکخستنی بەهێزی دروستکردووە کە توانای دروستکردنی سوپڕایزی گەورەی هەیە.
کێشە داراییەکان و چیرۆکە سەیرەکان
دابینکردنی بودجەی ئەم راهێنەرە ناودارانە پێویستی بە پارەیەکی خەیاڵی هەیە. فیدراسیۆنی ئەمریکا پشتی بە بەخشینی ملیاردێر کین گریفین و سکۆت گوودوین بەستووە بۆ دانی مووچەکەی پۆچێتینۆ. کەرتی وەرزشی کەنەداش لە رێگەی خاوەندارێتی سێ یانەکەی تۆرۆنتۆ، ڤانکۆڤەر و مۆنتریالەوە بودجەی جێسی مارشیان دابینکردووە. هەندێک وڵاتی وەکوو جامایکا نەیانتوانی گرێبەستی درێژخایەن لەگەڵ ستیڤ مەکلارینی ئینگلیزی مسۆگەر بکەن، کە دواتر بەهۆی کێشەی داراییەوە لە تشرینی دووەمی رابردوودا جێیهێشتن.
لێرەدا جیاوازترین و سەیرترین چیرۆک، چیرۆکی سیمۆن مەکمێنمی سکۆتلاندییە لە ساڵی 2009. ئەو تەمەنی 32 ساڵ بوو، قاچی شکابوو و لە کارێکی ئۆفیسی بێزارکەردا بوو، کاتێک لە رێگەی نامەی فەیسبووکەوە لەگەڵ دوو برای یاریزانی فلیپینی قسەی کرد و دوای سێ هەفتە بووە راهێنەری فلیپین، لە کاتێکدا پێشتر تەنیا یاریدەدەری یانەیەکی پلە حەوتی ئینگلتەرا بوو. ئەو بە بێ گفتوگۆکردن لەسەر مەرجەکان فڕییە مانیلا و لە یەکەم گرێبەستی پیشەگەرانەیدا فلیپینی گەیاندە قۆناخی پێش کۆتایی پاڵەوانێتی ئاسیان لەبەردەم 90 هەزار هاندەر لە ئەندۆنیسیا، کە ئەزموونێک بوو ژیانی بە تەواوی گۆڕی.
دەرئەنجام
وەکوو فلیپ ترۆسیێ ئاماژەی پێدەدات، گەشەکردنی دیاردەی راهێنەرە بیانییەکان لەو بێلایەنییە کلتووری و سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێت کە راهێنەرەکە لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێتە نێو وڵاتەکەوە. لە کۆتاییدا ئەوەی گرنگە نەتەوە و پاسپۆرتی راهێنەرەکە نییە، بەڵکوو لێهاتوویی، ئەزموون و توانای سەرکردایەتییەتی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان.
مۆندیالی 2026 و یارییەکانی داهاتوو پێشانی دەدەن کە ئەم متمانە گەورەیەی وڵاتان بە بیانییەکان پاداشتی دەبێت یان نا.



