ئه‌وروپافه‌ره‌نسا

پۆچەتینۆ باس لە داهاتووی كیلیان ئیمباپێ دەكات

یاریگا-

ماوریسیۆ پۆچەتینۆی ئەرجەنتینی و ڕاهێنەری یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی دووپاتیكردەوە هەموو هەوڵێكی خۆیان دەدەن بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستی كیلیان ئیمباپێی ئەستێرەی یانەكەیان.

ئیمباپێ سەرجەم ئۆفەرەكانی بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ پاریس سان جێرمان ڕەتكردەوە لە پێناو پەیوەندیكردنی بە یانەی ڕیال مەدریدەوە.

پۆچەتینۆ سەبارەت بە داهاتووی كیلیان ئیمباپێ لە چاوپێكەوتنیدا بۆ ڕادیۆی ” كادینا كۆپی ” ووتی: نابێت هیچ كەم بكرێتەوە سەبارەت بە یاریزانەكان ، پێویستە خێزان و كەسانی نزیك خۆیان ئامۆژگاریان بكەن و دواتر بڕیاری خۆیان بدەن، یانەكە هەموو هەوڵی خۆی دەدات بۆ هێشتنەوەی كیلیان ئیمباپێ ، چونكە ئێمە باس لە یەكێك لە باشترین یاریزانەكانی جیهان دەكەین.

هەروەها ووتیشی: ئیمباپێ توانایەكی زۆری هەیە و تەمەنی تەنها 22 ساڵە ، ئێمە تەواوی هەوڵی خۆمان دەدەین كە بیهێنینە ئەو باوەڕەی گرێبەستەكەی نوێ بكاتەوە.

ڕاهێنەرەئەرجەنتینیەكە لە درێژەی قسەكانیدا ووتی: من وەك ڕاهێنەر هیوادارم ئیمباپێ بۆ چەندین ساڵی دیكە لەگەلمان بمێنێتەوە ، ئەو باشە و بێدەنگ و لەسەرخۆیە ، كەسایەتیەكی گەورەی هەیە و كەسێكی كۆمەڵایەتیە ، لە شتەكاندا زۆر ڕوونە و تۆپی پێی خۆشدەوێت ، تەمەنی 22 ساڵە بەڵام زۆر پێگەشتووە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button