ئه‌وروپافه‌ره‌نسا

بۆ یەکەم جارە پۆگبا وردەکاریی چۆنێتی موسڵمانبوونی دەگێڕێتەوە

یاریگا- پۆڵ پۆگبای فەڕەنسی بۆ یەکەم جار بە وردیی و لە ڕاگەیاندنەکانەوە باس لە چۆنێتی موسڵمانبوونی دەکات.

پۆگبا کە لەگەڵ ڕۆژنامەی ‘تایمز’ی ئینگلیزی ئاخاوتنەکەی ئەنجام داوە، باس لە هۆکار و پاڵنەرەکانی قەبووڵکردنی ئایینی ئیسلام دەکات و دەڵێت: “ئیسلام ئەو وێنەیە نییە کە هەموان وای لێ دەڕوانن. ئەوەی لە ڕاگەیاندنەکانەوە ناوی دەبەن، لە ڕاستیدا ئەوە شتێکیترە. ئایینێکی زۆر جوانە، یارمەتیدام گۆڕانکاریی بکەم، وای لێکردم هەست بە بەهای شتەکانی ژیان بکەم. ئیسلام ئارامییەکی دەروونیی پێبەخشیم، گۆڕانکارییەکی سەرتاپاگیر بوو لە ژیانمدا چونکە من بە موسڵمانیی لەدایک نەبوو بووم. سەرەڕای دایکێکی موسڵمانی، بەڵام من لە ژینگەیەکدا گەورە بووم کە ڕێز لە هەموو ئایینەکان دەگیردرێت. من هاوڕێیەکی زۆری موسڵمانم هەیە و بەردەوام قسەیان لەگەڵدا دەکردم، منیش پرسیارگەلێکی زۆرم لە خودی خۆم دەکرد، پاشان هەستام بە لێکۆڵینەوەی تایبەت، هەستام بە ئەنجامدانی نوێژ لەگەڵ هاوڕێکانمدا کە ئەوە هەستێکی جیاوازی پێدام، هەستم کرد لە حاڵەتێکی زۆر زۆر باشدام.”

یاریزانەکەی فەڕەنسا بەم قسانەی کۆتایی بە گفتوگۆکانی دێنێت لەو بارەیەوە و دەڵێت: “ئیتر لەو ڕۆژەوە وازم لە نوێژ نەهێناوە، چونکە یەکێکە لە پێنج پایەکەی ئیسلامبوون. لە کاتی نوێژدا داوای لێخۆشبوون دەکەیت و هەروەها ڕازیی بوونی خۆت پیشان دەدەیت لە بارەی تەندورستییم و هەموو ئەو شتانەیتر. ئیسلام بە ڕاستیی ئەو ئایینەیە کە ئەقڵمی کردەوە و وای لێکردم لە هەر کاتێکیتری ڕابردووم باشتربم.”

پۆگبای تەمەن 26 ساڵ چەند جارێک سەردانی سعوودیا و مەککەی پیرۆزی کردووە بە مەبەستی عومرە کردن.

بابەتی زیاتر

Back to top button