بازاڕی گواستنه‌وه‌

یانەیەکی سعودی گرینوودی کردۆتە ئامانج

یاریگا –

یانەی ئیتیفاقی سعودی بە شێوەیەکی جدی بە دوای گواستنەوەی مەیسن گرینوودی ئەستێرەی یانەی مانچستەر یونایتدەوەیە.

شەوی رابردوو یانەی مانچستەر یونایتد دوای لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی گرینوود رایگەیاند، کە نایانەوێت چیتر لەگەڵی بەردەوام بن و دەیانەوێت لەم هاوینەدا بیفرۆشن. بەم بۆنەیەوە یاریزانەکە ناچارە یانەیەکی تر هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوام بێت لە تۆپی پێ و جارێکی تر ئەزموونی یاریکردن لە چوارگۆشەی سەوزدا دوای زیاتر لە ساڵێک و شەش مانگ دابڕان تاقی بکاتەوە .

پێشتریش باس لەوە کرابوو کە چەند یانەیەکی ئیتاڵی لە نێویاندا رۆما گرنگی بەو یاریزانە دەدەن، بەڵام رۆیشتنی تەواوەتی لەگەڵ یونایتد بەو مانایەیە کە پێناچێت بە خواستن رازی بن و ئەمەش رەنگە دۆخەکە بگۆڕێت.

ئەمڕۆ رۆژنامەی گۆڵ بڵاویکردەوە، یانەی ئیتفاقی سعوی بە سەرۆکایەتی ستیڤن جیرارد بە تامەزرۆییەوە دەیەوێت ئەم هێرشبەرە بگوازێتەوە رێزەکانی و بەنیازە ئۆفەرێکی فەرمی پێشکەشی یانە ئینگلیزیەکە بکات.

یانەکە کە پێشتر بە گواستنەوەی جۆردن هێندێرسۆن سەرنجی زۆری میدیاکانی بۆ خۆی راکێشا، ئێستا بەنیازە ئۆفەرێکی سەرنجڕاکێش پێشکەش بە گرینوود بکات بە مووچەی ساڵانەی 11.5 ملیۆن یۆرۆ، ئەگەری ئەوە هەیە یاریزانەکە بە ئۆفەری سعودییەکان رازی ببێت و لەم هاوینە دا پەیوەندییان پێوە بکات.

جگە لە رۆما و ئتیفاق، یانەی گەلاتەسەرای تورکیش ئارەزووی گرێبەست کردن لەگەڵ دەکات، بەڵام هێشتا دیار نییە بڕیاری کۆتایی ئەم یاریزانە چی دەبێت. هەروەها مەرجەکانی گرێبەستەکەی لەگەڵ یونایتد و ئایا ئەم گرێبەستە هەڵدەوەشێتەوە یان نا، لەم بڕیارەدا کاریگەر دەبێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button