ئیسپانیا

فلۆرەنتینۆ پێرێز لە بارسێلۆنایە

یاریگا-فلۆرەنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید گەیشتووەتە بارسێلۆنا و لە پاڵ ئەندریە ئانیێلی سەرۆکی یوڤێنتۆس لەگەڵ خوان لاپۆرتا کۆدەبنەوە.

کۆبوونەوەکە بەمەبەستی گفتوگۆکردنە سەبارەت بە سوپەرلیگ کە تەنها ئەو سێ یانەیەی تێیدا ماونەتەوە. بەگوێرەی مارکا، پێرێز دەیەوێت دڵنیابێت لە مانەوەی کۆتا دوو هاوبەشەکەی لە پاڵەوانێتییە سەرنەگرتووەکەدا ئەمەش پاش فشارە یەک لەدوای یەکەکانی یوفا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو خولە.

نوێترین پێشهاتیش رێککەوتنەکەی لالیگا و سی ڤی سی کاپیتاڵ بوو کە یەکێک لە مەرجەکانی ئەوەبوو هیچ یانەیەک نابێت بەشداری سوپەرلیگ بکات بەڵام هەردوو یانە ئیسپانییە زەبەلاحەکەی ئەو رێککەوتنەیان رەتکردەوە.

بارسێلۆنا لەباری قبوڵکردنی گرێبەستەکەی لالیگادا ئەوا دەیتوانی لیۆنێل مێسی لە یانەکە بهێڵێتەوە، لە بەرامبەردا دەبوو بۆ ٥٠ ساڵی داهاتوو ١٠٪ی پشکی مافی دەنگی و ڤیدیۆیی یانەکە لەدەست بدات.

بابەتی زیاتر

Back to top button