” مباپێ یانەکەی لە جێهێشتنی ئاگادار کردووەتەوە ”
یاریگا–
جارێکی دیکە دەنگۆی جیابونەوەی کلیان مباپێ هێرشبەری فەرەنسی لە ریزەکانی یانەی پاریس سانجێرمان بڵاودەبێتەوە و ئەو یاریزانە سورە لەسەر ئەوەی کە ئەم هاوینە یانەکەیەکی دیکە هەڵبژێرێت.
دانیێل ریۆلۆ رۆژنامەنوسی RMC Sportـی فەرەنسی زانیاری دەستکەوتووە، هەرچەندە ئەو یاریزانە سەرقاڵی یارییەکانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیەتی لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپا و نایەوێت تاوەکو کۆتایی هاتنی پاڵەوانتیەکە بیر لە هیچ شتێکی دیکە بکاتەوە، بەڵام پێش دەست پێکردنی یۆرۆ کارگێری یانەکەی ئاگادار کردووەتەوە کە یانەکەیان جێدێڵێت، هەرچەندە گەورەترین کێشەی ئەوەیە کام یانە ئامادە دەبێت ئەو پارەیەی یانەکەی داوای دەکەن بیدەن، سەرەڕای ئەمەش دەنگۆیەکی بەهێز هەیە ریال مەدرید ئامادەیە ئەو یاریزانە بۆ ریزەکانی بگوازێتەوە.
ئەو رۆژنامەنوسە فەرەنسیە ئەوەشی باسکردووە، مباپێ رێگەیەکی دیکەشی لە پێشە بۆ ئەوەی بێ کێشە یانەکەی جێبێڵێت، ئەویش ئەوەیە تاوەکو هاوینی داهاتوو لەگەڵ یانەکەی بەردەوام بێت و دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەشی بێ بەرامبەر دەتوانێت یانەی داهاتووی دەست نیشان بکات.