ئه‌وروپائیسپانیا

یەكەم كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ئەنچیلۆتی دوای گەڕانەوەی بۆ ڕاهێنەرایەتیكردنی ڕیاڵ مەدرید

یاریگا-

یەكەم كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی كارلۆ ئەنچیلۆتی ئیتاڵی و ڕاهێنەری نوێی ڕیاڵ مەدرید دوای دووبارە گەڕانەوەی بۆ پۆستی ڕاهێنەرایەتیكردنی یانەكە.

پێشتر زەینەدین زێدان وازهێنانی خۆی لە ڕاهێنەرایەتیكردنی یانە شاهانەكە ڕاگەیاند و كارلۆ ئەنچیلۆتی جێگای گرتەوە.

یەكەم كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ئەنچیلۆتی دوای گەڕانەوەی بۆ ڕاهێنەرایەتیكردنی ڕیاڵ مەدرید:

– زۆر سوپاسی ڕیاڵ مەدرید دەكەم ، سوپاسی سەرۆك و ئیدارەی یانەكە دەكەم ،وا هەست دەكەم ئێرە ماڵی خۆمە و تەواوی هەوڵمان دەدەین بۆ دووبارەكردنەوەی ئەوەی پێشتر بەدەستمان هێناوە.

– دەزانم ڕاهێنەرایەتیكردنی ڕیاڵ مەدرید واتای چی بە خۆشی و خۆشحاڵیەوە ئەو ئەركە دەگرمە ئەستۆ ، هەموو كاڕێك دەكەم بۆ بەدەستهێنانی باشترینەكان.

– بە هەموو وزە و بەرپرسیاریەتیەكی تەواوەوە ڕووبەڕووی ئەم ئاڵنگاریە نوێیە دەبمەوە ،من ڕاهێنەری باشترین یانە و بەناوبانگترین یانەی جیهانم بەرپرسیاریەتی لێرە لە هەموو جێگایەكی دیكە زیاترە.

– ڕیاڵ مەدرید بەردەوام دەبێت لە كێبڕكێ كردن بە باشترین شێوە.

گرێبەستی ڕامۆس؟

– تازە هاتومەتە ڕیاڵ مەدرید ، چەند ڕۆژی ڕابردوو قسەم لەگەڵ یانەكە كردووە ، گەڕانەوەكەم خێرا بوو ، هێشتا دەرفەتی هیچم نەبووە.

– یاریزانانی لێهاتوو چانسی بردنەوەی زیاترت پێدەدەن ، پێوویستە یانەكە هاوسەنگ بێت و بەشێوەی كۆمەڵ یاری بكات.

– پەیمانتان پێدەدەم وەك چۆن لە خولی یەكەمی ڕاهێنەرایەتیكردنی ڕیاڵ مەدرید پەیمانم پێدان ، تۆپی پێیەكی بەهێز و جوانتان پێشكەش بكەین.

– پێشتر كەس خەیاڵی نەدەكرد ڕیاڵ مەدرید بە بێ ئەنچیلۆتی ببینێت ، بەڵام ڕوویدا ، دەبێت هەموومان هەموو شتێك قبوڵ بكەین ، دەبێت قسە لەگەڵ یانەكە بكەم سەبارەت بە گرێبەستی ڕامۆس.

– من یانەكە بە باشی دەناسم ، یاریزانە لاوەكان دەناسم ، ئەو یاریزانانەش كە بە خواستن گەڕاونەتەوە هەڵبژاردنی زۆرمان لە پێشە و لەسەرخۆ ئەنجامیاندەدەین.

– من زۆر سوپاسگوزارم بۆ ئیسكۆ و بەیڵ و مارسێلۆ ، ئەوان یاریزانی ڕیاڵ مەدریدن ، بەڵام دادوەرەكە یاریگاكەیە ، پێوویستە بە باشی ڕاهێنان بكەن و نیشانی منی بدەن كە دەیانەوێت لێرە یاری بكەن.

– یاریزانی زۆر باشمان هەیە و دەبێت پێش ئەوەی بیر لە هیچ شتێك بكەمەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ بكەم.

– ئێوە هەمان ڕۆژنامەنووسن كە جێم هێشتن ، وا دیارە هەموو شتێك وەك خۆیەتی ئەوەی گۆڕا بێت لێرە ڕاهێنەر بووە.

– ئەنچیلۆتی هەمان كەسی شەش ساڵ پێش ئێستا نیە ، بەڵكو ئەزمونی زیاترم كۆكردووەتەوە.

– شتێكی ڕوونە كە ڕامۆس یاریزانێكی گرنگە بۆ ڕیاڵ مەدرید ، وردەكاریەكان نازانم بەڵام قسەی لەگەڵ دەكەم.

– ڤینیسیۆس پێوویستی بە تۆماركردنی گۆڵی زیاترە.

– لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ ئیدارە و یاریزانەكان كۆدەبمەوە.

– هێرشبەرەكانمان دەبێت گۆڵی زیاتر تۆمار بكەن ، بێنزیما دەبێت 50 گۆڵ تۆمار بكات نەك 30 گۆڵ ، هەروەها ڤینیسیۆسیش دەبێت گۆڵی زیاتر تۆمار بكات.

– گرنگ ئەوە نیە یاریزانێك بگوازینەوە 30 گۆڵ تۆمار بكات ، بەڵكو دەبێت هەمووان تونایان هەبێت گۆڵ تۆمار بكەن ، دەبێت لایەنی هێرشبەریمان زیاتر بكەین.

– زێدان توانی سێ چامپیۆنسلیگی لەسەر یەك بباتەوە ، كارێكی نایابی ئەنجامدا تا كۆتا ڕۆژ ، ئەوەی كردی نایاب بوو ، ئەو هاوڕێیەكی زۆر باشە بۆم و بێگومان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا قسەی لەگەل دەكەم.

– هازارد یاریزانێكی ئاست بەرزە ، ڕووبەڕووی كێشە و گرفت بووەتەوە بەڵام تواناكانی لەدەست نەداوە ، وەرزی داهاتوو وەرزێكی گونجاو دەبێت بۆ پیشاندانی تواناكانی.

– خۆشەویستیەكی زۆرم هەیە بۆ كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ، بەڵام ئێستا كاتێكی گونجاو نیە بۆ باسكردنی چونكە گرێبەستی هەیە لەگەڵ یوڤێنتوس

– بێگومان گۆرانی و سرودی نیشتیمانی ڕیاڵ مەدریدم وتەوە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ و دەمەوێت دووبارەشی بكەمەوە.

– هەموومان ئامانجی ئەم یانەیە دەزانین ، ئەویش بردنەوەی هەموو شتێكە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button