
یاریگا–
کلیان مباپێ، هێرشبەری فەرەنسی یانەی پاریس سانجێرمانی ئەم وڵاتە دواجار مەرجەکانی لە پێناو نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی ئاشکرا دەکات، بە پێچەوانەوە هاوینی داهاتوو یانەکەی جێدێڵێت.
رۆژنامەی وەرزشی ئاسی ئیسپانی بڵاویکردەوە، گۆڵکارە لاوەکەی شازادەکان دوو مەرجی بۆ یانەکەی داناوە لە پێناو نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، مەرجی یەکەمیان ئەوەیە گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2023 نوێ بکاتەوە، بە مەرجی ئەوەی لە ساڵی 2022 رێگری لە جێهێشتنی یانەکەی لێنەکرێت، مەرجی دووەمیش ئەوەیە یانەکەی پرۆژەیەکی بەهێز ئامادە بکات بۆ ئەوەی لە داهاتوو بتوانن ناسناوی چامپیۆنزلیگ بەدەست بێنن، واتە یاریزانە باش بگوازنەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی بڵاوکردەوە کە کارگێری شازادەکان پێشتر چەند جاریك داوایان لە مباپێ کردووە گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2025 نوێ بکاتەوە و لە ساڵی 2024 دەتوانێت یانەکەی جێبێڵێت، بەڵام ئەو یاریزانە ئەم دەستەوارەی رەتکردووەتەوە.