رۆی هۆدسن خۆی خانەنشین دەکات
رۆی هۆدسن راهێنەری بە ئەزموونی ئینگلیزی و ئێستای کریستاڵ پاڵاس رایگەیاند واز لە کارکردن دەهێنێت و خۆی خانەنشین دەکات.
هۆدسن چوار ساڵە لە ئەرکی کریستاڵ پاڵاس دایە و توانیوییەتی ئەو یانەیە لە پریمەرلیگ بهێڵێتەوە. بە دوو هەفتە بەر لە کۆتایی وەرزیش ئەمڕۆ وتی “دوای ٤٥ ساڵ کاری راهێنەرایەتی، بڕیارمداوە ئێستا کاتی ئەوەیە واز لە کارەکەم بهێنم هەربۆیە کۆتا دوو یاری کریستاڵ پاڵاس دەبنە کۆتایی کاری من وەک راهێنەر. لەم ساڵانەدا پشتیوانییەکی زۆر کراوم لەلایەن هاوسەرەکەم و خێزانەکەم، ماوەیەکی زۆرە بیر لەم بڕیارە دەکەمەوە و کاتی ئەوەیە گرنگی زیاتر بەوان بدەم و دواتریش بزانین داهاتووی چی پێیە”.
هۆدسن تەمەنی گەیشتووەتە ٧٣ ساڵ و سەرەتا لە سوید دەستی بە کاری راهێنەرایەتی کرد لەگەڵ هاڵمستاد لە ١٩٧٦ ، دوای ئەوە تا ئەمڕۆ راهێنەرایەتی ٢١ تیمی جیاوازی کردووە و گرنگترینیان بریتین لە ماڵمۆ، هەڵبژاردەی سویسرا، ئینتەرمیلان، بلاکبێرن، ئۆدێنزی، هەڵبژاردەی ئیمارات، هەڵبژاردەی فنلەندا، فولهام، لیڤەرپوول، وێستبرۆم، هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و کریستاڵ پاڵاس”.