یاریگا–
مێمفیس دیپای، هێرشبەری هۆڵەندی یانەی ئۆڵمپیک لیۆنی فەرەنسا ئامانجی یەکەمی رۆناڵد کومان راهێنەری بارسێلۆنای ئیسپانیایە و چاوەڕێش دەکرێت هاوینی داهاتوو یاریزانەکە بۆ بارسێلۆنا بگوازرێتەوە.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی بەدواداچونی بۆ کەیسی گواستنەوەی یاریزانە هۆڵەندیەکەی بۆ بلاوگرانا کردووە، دواجار بۆیان ئاشکرا بووە، بارسا تەنها بە یەک مەرج ئامادەیە ئەو یاریزانە بگوازێتەوە، مەرجەکەش مانەوە راهێنەری یانەکەیانە، بەپێچەوانەوە ئەگەر بێتو راهێنەرەکەیان دووربخرێتەوە، ئەو کات هاونیشتیمانیەکەشی ناتوانێت پەیوەندی بە یانە کەتەلۆنیەکەوە بکات.
کومان دوای وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی بارسێلۆنا، هەرزوو داوای گواستنەوەی دیپای کرد، بەڵام بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی کە سەری هەڵدا، گواستنەوەکە سەری نەگرت و تاوەکو ئێستاش ئەو راهێنەرە داوای گواستنەوەی دەکات.